خێزانێك لە ژیانێكی خراپ و ناهەمواردان و پێویستیان بە هاوکاری خێرخوازانە

کوردستان

25/04/2022‌ 666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
خێزانێكی پێنج كەسی لە خانویەكدا ژیان بەسەر دەبەن كە تەنها دوو ژووری هەیە و شیاوی ژیانكردن نییە تێیدا و هیچ پێویستییە سەرەكییەكانی ناو ماڵەكەیشیان نییە، ئەوان بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن بە دڵی خۆیان نان دروست بكەن، بەوتەی خۆیان ئەوانەی سەردانیان دەكەن سەیریان لێدێت لەو خانووەدا دەژین.

ئەمجارش بەرنامەى "میوانى تۆین"ی شارپرێس لە شارۆچکەى چەمچەماڵ ماڵە هەژارێکى دیکەى بەسەرکردەوەو کە باس لە دۆخی خراپی ژیانی خۆیان دەکەن و لەرێی شارپرێسەوە داوای بەدەمەوە چوون دەکەن.

ئەو خێزانە لە سێ منداڵ و پوریان و نەكیان پێكهاتوون، دوای ئەوەی باوكی منداڵەكان لە  ساڵی 2015 كۆچی دەكات، دایكی منداڵەكان دەنێرێتەوە بۆماڵ باوكی هاوسەرەكەی و لە ئێستادا پورییان ئەركی بەخێوكردنیان گرتووەتە ئەستۆ و تەنها سەرچاوەی بژێوییان نانكردنە بە كرێ لەلایەن پوری منداڵەكانە.

ئەو ژنەی كە ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكان و ئیدارەی ماڵەكەی لە ئەستۆدایە وتی: ڕۆژانە لە بەیانیان زووەوە دەڕۆم بۆ نانكردن تا دوای نیوەڕۆ، ئەوەندە ماندوو دەبم كە دێمە لە بەرئازار ئیسراحەت ناكەم، لەبەرئەوەی یەك گورچیلەم هەیە ماندوبونم زۆر پێوەدیارە.

ئەوان لە خانوەیەكدا دەژیان كە شیاوی ژیانكردن نییە تێیدا و تەنها دوو ژووری تێدایە، بەم حاڵەیشەوە پێی ڕازیم بەس پێداویستییەكانی ماڵی تێدابێت لەبەرئەوەی منداڵەكان دایمە ئاواتی ئەوە دەخوازن شوێن و ڕێیەكی باشیان هەبێت.

بەوتەی خۆیان جگە لەو نانكردنە هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی تریان نییە و مەگەر خێرخوازێك هاوكاری و دەستگیرۆییان بكات و بەهۆی هەژارییەوە زۆرجار داوای جۆرێك خواردنیان كردووە، بەڵام پێییان نەكڕدراوە.

دامەزراوەى میدیایی شارپرێس بەدرێژایی مانگی پیرۆزی رەمەزان بەرنامەیەکى تایبەتى تەرخان کردوە بەو خێزان و ماڵە هەژارو کەمدەرامەتانەى کە لە دۆخێکى دارایی خراپ و ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن و شارپرێس خەم و ئازارەکانیان دەگەیەنێت بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و کەسانى خێرخواز.

بەرنامەی "میوانی تۆین" لەلایەن پێشکەشکار سارا عزەتەوە بە سپۆنسەری سەرەکى سەرمایەدارو خێرخوازی شاری سلێمانى مەریوان حاجی عەلی پێشکەش دەکرێت.