سه‌ركرده‌یه‌كى كورد په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

14/05/2022‌ 5675 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەڕێگای باشاک دەمیرتاشی هاوسەرییەوە پەیامێکی کاریگەر ئاڕاستەی ڕۆشنبیرانی تورک دەکات‌و داوایان لێدەکات، لەبارەی دۆخی نالەباری ئەو وڵاتەوە هەڵوێستێکی کاراو کاریگەر بنوێنن.


سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی (هەدەپە) کە زیاتر لەپێنج ساڵە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆر دەستگیرکراوە، لەپەیامەکەیدا دەڵێت:"دەبێت گەلی تورکیا لەپێناو دیموکراتییزەکردنی وڵات نەوەک لەپێناو پارتەکان یان هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی شانبەشانی یەکتر بوەستنەوە".

دەشڵێت:"هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆماری تورکیا".

لەبەشێکی پەیامەکەی دەمیرتاشدا هاتووە، "زۆر گرنگە لەهەر جێگایەک بن دەنگتان بەرزبکەنەوەو داوابکەن هەموو لایەنەکان بەشداریی لەپڕۆسەی درووستکردنەوەی کۆماری تورکیا لەسەدەی دووەمیدا بکەن، هەروەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە هەیە بۆئەوەی ئێوە بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بکەن‌و ڕێگە لەو ڕێکارە تێکدەرانەیە بگرن کە هۆکاری ئەو وێرانبوونەوەی ئێستایە، جگە لەپێویستی بەردەوامیتان لەسەر داواکارییە دیموکراتییەکان".

دەمیرتاش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "لەبەرئەوە پیشاندانی هەڵوێستێکی کاراو کاریگەر لەمکاتەدا کە هاوڵاتیان ئازار دەچێژن بەرپرسیاڕێتییەکی مێژوویی ڕۆشنبیرانی وەک ئێوەیە".

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە پێشنیازیشی کردووە، "ڕێککەوتننامەیەکی دیموکراتی" دابڕێژرێت‌و سەرۆکی پارتە سیاسیی‌و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی واژۆی لەسەربکەن‌و دەستەیەکی ڕۆشنبیران دروستبکرێت‌و دواتر کۆنگرەیەک لەژێر ناوی "خەونێکمان هەیە" گرێبدرێت.