زانیاریی گرنگ ئاشكرابوو... پارتی جوڵه‌ به‌هێزه‌كانى ده‌كات

کوردستان

15/05/2022‌ 23679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کادیرێكى باڵای یەکێتی نیشتیمانى كوردستان زانیاریی گرنگ‌و هه‌ستیار له‌باره‌ى جوڵه‌پێكردنى هێز له‌لایه‌ن پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"فشارەكانی بەغدا بۆ سەر هەرێم زیاتربوون‌و ترسی پەلاماردانی كێڵگەی خورمەڵە هەیە".


سەرتیپ جەوهەر کادیرى باڵای یەکێتی له‌نوسینێكدا ئاشكرایكردووه‌، "دوای شكستهێنانی دەستپێشخەریی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ گروپی سێ‌ لایەنی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) چەند ڕۆژێكە فشارەكانی عێراق بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر بووە، پێدەچێت هەنگاوی نوێ لەدژی هەرێم بگیرێتەبەر".

وه‌كو ئه‌و باسیكردووه‌، "هه‌نگاوه‌كان بریتییە لەدەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكانی خورمەڵە (33 كم باشووری هەولێر)و بیرە نەوتەكانی سفەیە كە دەكەوێتە باكووری موسڵ‌و بەپێی لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە2015وه‌ لەلایەن هەرێمەوە نەوتەكەی دەردەهێنرێت".

كادیره‌ باڵاكه‌ى یه‌كێتى جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئەم فشارانەی لەبەغداوە دەخرێتەسەر هەرێم، پەیوەندی بەپێكێهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە هەیەو وڵاتانی دەوروبەر ڕۆڵێكی كاریگەرو گەورەیان هەیە".

ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "لەهەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان لەبەغدا بەسەر دوو ستوونی جیاوازدا دابەشبوون، ئەو دابەشبوونەش كوردی كردۆتە تەرەفدار لەململانێی ئیقلیمی، ئەگەر ئەو تەرەفدارییەی كورد بەردەوامبێت، بێگومان لێكەوتەكەی زۆر خراپ دەبێت‌و سنووری هەرێم بەرتەسكتر دەبێتەوەو گرفتی ستراتیژی بۆ سەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دروستدەبێت".

مه‌ترسی په‌لاماردانى هه‌رێمیشى ئاشكراكردووه‌و ده‌ڵێت:"ئەو ناوچانەی بەغدا دەیەوێت پەلاماریان بدات بیرە نەوتەكانی سفەیە كە دەكەوێتە باكووری موسڵ‌و ڕۆژانە بەپێی لێدوانی عێراق نزیكەی 4 هەزار بەرمیلێك نەوتی لێ دەردەهێنرێت‌و بەتانكەر دەگوێزرێتەوەو دەفرۆشرێت، بەڵام نازانرێت پارەكەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم، ئەوی دیكەشیان بیرە نەوتەكانی خورمەڵەیە كە دەكەوێتە دەشتی هەولێرو بەپێی خەمڵاندنی ناڕەسمیی ڕۆژانە لەسێ‌ وێستگە لەنێوان 240 بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەهێنرێت".

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر ده‌شڵێت:"لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەیەك بەهۆی بەستنەوەو دەرهێنانی نەوت لەچەند بیرە نەوتێك كە پێشتر بەر لەڕوخانی ڕژێم لێدرابوون‌و  دەكەوێتە نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان لەنزیك گوندی لهێبان سەر بەناحیەی سەرگەڕان، بەغدا ناڕەزایی دەربڕیوەو لەوبارەیەوە بەیاننامەیەكیشی دەركردووه‌".

ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "لەبەرامبەر هەڕەشەو ترسی پەلاماردانی كێڵگەكانی نەوت لەلایەن هێزەكانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەم یەك دوو ڕۆژەی دواییدا جگە لەو هێزانەی لەوێبوون، هێزی زیاتری هێناوەتە ناوچەكە".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت:"كۆنترۆڵكردن‌و دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەكانی هەرێم گورزێكی كەمەرشكێن لەحكومەتی هەرێم دەدات، بەتایبەت خورمەڵە كە زیاتر لەنیوەی نەوتی هەرێمی لێ‌ هەناردە دەكرێت‌و زۆربەی ئەو بیرانەی ئێستا نەوتی لێ دەردەهێنرێت هی سەردەمی بەعسەو دەرهێنانی، هیچ تێچوویەك لەسەر حكومەتی هەرێم ناكەوێت، ئەگەر لەلایەن بەغداوە كۆنترۆڵبكرێت حكومەتی هەرێم ڕوبەڕووی قەیرانێك دەبێتەوە كەمەرشكێن دەبێت‌و كاریگەری زۆر گەورە دەكاتەسەر دۆخی ئابووریی‌و سیاسی لەهەرێمی كوردستان".

ش.هـ