وه‌زیرى دارایی له‌باره‌ى دواكه‌وتنى موچه‌وه‌ زانیارییه‌ك ئاشكراده‌كات

کوردستان

17/05/2022‌ 5722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم له‌وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواكه‌وتنى موچه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌هۆى نه‌ناردنى 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا، ناتوانین له‌كاتى خۆیدا مووچه‌ دابه‌شبكه‌ین"، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش ده‌ڵێت:"ئه‌مه‌ خۆلادانە لەوەڵام".


عومه‌ر گوڵپى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌فه‌یسبوكى خۆى بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌دواداچوونى بۆ هۆكارى دواكه‌وتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت:"بەنوسراوی‌ فەرمی‌ لەڕۆژى 23ى 1ى 2022 داوای‌ ڕوونکردنەوەو زانیارییم کرد لەهۆکاری‌ دواکەوتنی‌ مووچەو خاو دابەشکردنی".

ئاشكراشیكردووه‌، "وەزیری دارایی‌و ئابوری بەنووسراوی‌ ژمارە (7 ـ 1 ـ 4774) له‌ڕۆژى 18ى مانگى ڕابردوو وەڵامی‌ داومه‌ته‌وه‌و لەوەڵامەکەیدا هۆکاری‌ خاو دابەشکردنی‌ مووچەی‌ لەمانگەکانی‌ ڕابردوو بۆ نەناردنی‌ (200 ملیار دینار)ەکەی بەغدا گەڕاندووەتەوە!".

گوڵپیش ده‌ڵێت:"لەڕاستیدا ئەم وەڵامە بۆ ئێمە بڕواپێهێنەر نییەو خۆلادانە لەوەڵامی‌ ڕاستەقینەو دەستخستنەسەر برینەکان، بەتایبەت لەلایەن وەزارەتی‌ داراییەوە کە پێویستە ئاگاداری‌ هەموو شتێک بێت‌و بەڕوونی‌ هۆکارەکانی‌ خاو دابەشکردن‌و دواکەوتنی‌ مووچەو کێشە داراییەکان بۆ ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم ڕوونبکاتەوە".

زیاتر ده‌ڵێت:"هەروەها بەهاووڵاتیانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هەڵەبجەو گەرمیان‌و ڕاپەڕین بڵێت، هۆکارچییە کە ئەو گرفتەی‌ لەوشارانە هەیە لەهەولێرو دهۆک نییە؟".

ئاشكراشیكردووه‌، "حکومەتی‌ هەرێم لەسەرەتای‌ ساڵی 2021وه‌ بەهۆی بەردەوام زیادبوونی داهاتەکانەوە بەڵێنیدا هەموو مانگێک لە25ى مانگ دەست بەدابەشکردنی‌ مووچە بکات‌و لەماوەی‌ هەفتەیەکدا کۆتایی‌ پێبهێنێت، بەڵام لەمانگی‌ (11)و (12)ی‌ ساڵی‌ (2021)ەوە تائێستا مووچە نەوەک بەهەفتەیەک، بەڵکو بە20 ڕۆژو زیاتریش دابەشدەکرێت، بەجۆرێک لەئێستادا مووچەی‌ مانگێک دواکەوتووە!".

جه‌ختى له‌وه‌شكردۆته‌وه‌، "ئەم بەدواداچوونانەی‌ ئێمە لەکاتێکدایە کە داهاتی‌ ئێستای‌ هەرێم تەنانەت بەزانیارییەکانی‌ بەرپرسانی حکومەت‌و دەسەڵات خۆیشیانەوە بەبێ (200 ملیار دینارە)کەی بەغدا، زیاترە لەپێویستی‌ بۆ مووچەو بەگەڕخستنی‌ وەزارەتەکان‌و خزمەتگوزاریی‌، بەڵام حکومەت مووچە لەکاتی‌ خۆی‌ دابەشناکات‌و لەسلێمانیش کێشەی‌ دواکەوتنی‌ مووچە زیاترە، چ جای‌ خەرجنەکردنی‌ پارەی‌ کۆمپانیاکانی‌ دەرمان‌و پاککردنەوەو وەستانی‌ پڕۆژەکان کە دۆخێکی سەختیان بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە!".

وه‌كو گوڵپى ده‌ڵێت، بەرپرسیارێتی‌ وەزیری‌ داراییە زانیاریی‌و ڕاستیەکان وەکخۆی‌ بۆ هاووڵاتیان ڕوونبکاتەوەو بەپێی‌ یاسا وردەکاری‌ داهات‌و خەرجی‌ حکومەت بۆ ئێمەو خەڵک ئاشکرابکات، "چونکە پارەو داهات موڵکی‌ خەڵکی‌ کوردستانە نەوەک حزبەکانی‌ دەسەڵات".

ش.هـ