دەقی وتارە مێژووییەكەی ئامینە كاكە باوە لەپەرلەمانی سوید

مەلەفی تایبەت

08/06/2022‌ 1132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دەقی وتارە مێژووییەكەی ئامینە كاكە باوە لەپەرلەمانی سوید
سوپاس سەرۆکی پەرلەمان‌و نوێنەرانی بەڕێزی پەرلەمان!


ئەو متمانە پێنەکردنە کە دەنگی لەسەر دەدرێت لەمەڕ وەزیری داد مۆرگان یووهانسۆنە. من و مۆرگان یووهانسۆن هاوکارییەکی گەلێک باشمان هەبووە سەبارەت بە کار و خەبات و دژ وەستانەوەی سەرکوتکردن بە ناوی ناموسەوە، هیچ وەزیری دادێك تاکو ئێستا ئەوەندە دەستپێشخەری نەکردووەو ئەوەندە هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە بۆ توندکردنی یاساکان لەو بوارەدا، ئەگەرچی زۆر هەنگاوی دیکە ماوە کە هەڵبهێندرێتەوە باوەڕم بەمۆرگان یووهانسۆن هەیەو نەگۆڕاوم، بەپێچەوانەوە وەک هەموو دەزانن وتوێژی حکومەت بۆ پەیوەستبوون بەپەیمانی ناتۆ کاریگەری لەسەر باوەڕی من‌و کەسانی دیکە هەبووە بەحکومەت.

لەڕۆژنامەکاندا بانگەشەی وەها دەکرێت کە گوایە من لە پەرلەمان لە بەرژەوەندی کورد کاردەکەم لە جیاتی بەرژەوەندی سوید، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو شتەی منی نیگەران کردووە سەروەری سویدە.

کاتێک ساڵی 1992 گەیشتمە سوید دەبوو هەندێک تاقیکردنەوەی پزشکیم لەسەربکرێت. کە ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە تازە دێنە سوید دەکرێت. لەشاری وێسترئۆس دوای ئەوەی دکتۆرەکە چاوی لە ئاکامی تاقیکردنەوەی خوێنی من کرد کاردانەوەی نیشاندا، لە خوێنمدا کێشە هەبوو، کە ئاکامی هێرشی کیمیایی سەدام حوسێن بوو بۆ سەر هەڵەبجەو کامپی پێشمەرگەکانی ئێمە، لەوێدا بەسەدان کەس لەهاوڕێیانی من کوژران‌و لەشاری هەڵەبجە زیاتر لە 5000 کورد لەبەر کیمیاباران کوژران.

ئەو زوڵم‌و زۆردارییەی لەکورد دەکرێت بەلەش‌و پێستی خۆمەوە هەستی پێدەکەم. ئەوە لەخوێنی مندا دەگەڕێت، بەڵام من لەپەرلەمانی سوید ئەرکی خۆم وەک سویدییەک بەڕێوەدەبەم. ئەوەی من باسی لێوە دەکەم بریتییە لەسەربەخۆیی سوید. لەماوەی چەند ڕۆژی دیکەدا من پێشنیارێک لەگەڵ وەزیری کولتور دەهێنمە گۆڕێ سەبارەت بەوەی کە نابێت ڕێگا بدرێت دیکتاتۆرە لاوەییەکان لەوڵاتی سوید کۆڕو کۆمەڵی دینی باربوو بکەن، قسە لەسەرئەوە دەکەین سوید نابێت مۆڵەت بداتت هێزەکانی دەرەوە کاریگەری لەسەر بکەن، ئەم ڕاوێژ و قسەکردنەش هەر لەسەر ئەو بابەتەیە.

ئەوە ناتۆ و ئێنس ستۆلتنبەری سکرتێری ناتۆیە کە شەرتومەرج لەسەر سوید دادەنێن، ئەوە تورکیا و ئەردۆغانن، ئەردۆغانێکی سەرەڕۆ کە سیاسەتێکی ڕەگەپەرستانە دژی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جوگرافیای یەکێتیی ئەوروپادا بەڕێوەدەبات و تەنانەت لەم پەرلەمانەش قسە لەسەر ئەوەیە گەلۆ سوید هەتا چەند ڕێگا دەدا هێزێکی بێگانە بە سەر وڵاتی ئێمەدا حوکم بکات؟، ئەوە پەرلەمانی سویدە کە دەبێتت سەبارەت بە یاساکانی دەربارەی هەناردەکردنی چەک و چۆڵ بڕیار بداتت یان ئەوە تورکیایە؟ ئایا ئەوەتورکیایە کە دەبێت بڕیاربدات سوید لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بەپشتیوانی ئەمریکا شەڕی داعش دەکەن پێوەندی نەبێت.

ئایا ئەوە ڕەوایە ئێمە ئازادیی بەیان و ئازادی کۆبوونەوەی خۆمان بەپێی داخوازی ئەردۆغان هەموار بکەین؟ ئایا سەرۆکی وڵاتێکی دیکە بۆی هەیە بڕیار بدات کێ دەبێت وەزیری بەرگری ئێمە بێت؟ ئایا باڵیۆزی وڵاتێکی دیکە لە سوید بۆی هەیە داوا بکات سوید ئەندامەکانی پەرلەمانی خۆی ڕادەستی دەوڵەتەکەی وی بکا؟

سەرۆکی بەڕێزی پەرلەمان لەم هۆڵەدایە کە دەبێت یاساکانی بەپێی ئەم وڵاتە پەسەند بکرێن و دابندرێن نەک لە ئانقەرە، من پشتیوانی لەوە دەکەم کە سوید خۆی سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی بڕیار بدات.

پارتییەکانی ناو ئەم پەرلەمانە هەموویان یەک دەنگ بوون بۆ پشتیوانی لەو شەڕڤانانەی کە لە پێناو مافی ئازادی و ئینسانی خۆیاندا خەباتیان کردووە. من و پارتیی سۆسیال دیمۆکراتی سوید هاوبیرییەکی نزیکمان هەیە لەبارەی پێویستی پشتیوانی لە هێزە دیمۆکراتیکەکان لە تورکیا و لە ڕۆژئاوا. من باوەڕم وایە کە ئەو پارتییە لە داهاتووشدا ئەو پشتیوانییە دەکات.

جەنگاوەرانی ئازادی لە یەپەگە و یەپەژە کە دژی داعش خەباتیان کرد و لە ڕووی عەسکەرییەوە بەچۆکیاندا هێنا، جیهانیان لە تیرۆر ڕزگار کرد، هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان لێ دەوەشێتەوە. هەروەها دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری سێهەمین پارتی هەرە گەورەی تورکیا و زیندانییەکانی دیکەی پارتیی هەدەپەش هەر ئاوایە، ئەو زیندانە سیاسییانە، ئەوانەی وا لەبەر بیروباوەریان زیندانی کراون دەبێت ئازاد بکرێن.

شەڕی ئەردۆغان کشتوکاڵی کوردەکانی لەناو بردووە و تەنانەت ماڵی مەسیحییەکانیش بەر بۆمبەکانی کەوتوون و بە هەزاران خاوخێزانی لە ماڵ و حاڵیان دەرپەڕاندووە، لە هەمان کاتدا ژنان خۆیان ڕێکدەخەن بە دژی ئیسلامی فوندێمێنتالیستی (بنچینەگر) و هەروەها سەرکوتکردن بە ناوی پاراستنی نامووس. یەپەگە و یەپەژە پێویستیان بە درێژەدانی ئەو یارمەتییانە هەیە کە پێیان دەدرێت و سوید نابێت بکەوێتە ریزی ئەوانەی کە پشتیان تێدەکەن.

ئێمە نابێت بێدەنگ بین لە کاتێکدا ئەردۆغان چەکی کیمیایی بە دژی ژن و منداڵان بەکاردەهێنێت، داخوازی ئەردۆغان کە دەبێت کوردەکان لە سوید دەربکرێن زۆر لە سویدییەکانی نیگەران کردووە. مرۆڤ دەبێت متمانە بکات بە پۆلیسی ئەمنییەتی سوید کە گوێ نەداتە یاسای تیرۆری ئەردۆغان بە دژی ئەو شەڕڤانانەی ئازادی کە ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین. من دەزانم مۆرگان یووهانسۆن سیاسەتمەدارێکە کە ڕێز لە مافی منییەت دەگرێت و ڕەچاوی دەکات.

من باوەڕ بەو ئۆپۆزیسیۆنە سیاسییە ناکەم کە دێ لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن دەڵێت دەستی من لە خەبات لەپێناو ماف و ئازادییەکان و مافی ژنان کورت دەکاتەوە. کاتێک من لەگەڵ هرندێک لە نوێنەرانی باڵای سۆسیال دیموکراتەکان قسە دەکەم هەست بە بڕێک منییەت دەکەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە من نیگەرانییەکی زۆریشم نییە.

من ئەو نیگەرانییەم لەگەڵ حکومەت بەش دەکەم و زۆر سویدی دیکەش هەست بەو نیگەرانییە دەکەن. بەڵام لە ئانقەرە دەبێت بزانن کە ئەم حکومەتە لەلایەن تیرۆریستانەوە پشتیوانی ناکرێت، بەڵکو لەلایەن ئەو سویدییانەوە پشتیوانی لێدەکرێت کە پشتیوانی لە ئازادی و مافی ژنان و دیموکراسی و مافی کچان لە بەرامبەر داودەزگا جیاوازە بابمەزنییەکان دەکەن و ئێمە لە خوێنی خۆماندا هەست بەو زوڵم و زۆردارییە دەکەین لە کوردان دەکرێت. سوپاس.

وەرگێڕان لەسویدییەوە: حەسەن قازی