عێراق كۆمپانیایه‌كى یاسایی دژى هه‌رێم به‌كرێده‌گرێت

کوردستان

08/06/2022‌ 4254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵەری بواری ئابوری ئاشكرایده‌كات، عێراق لەیەککاتدا کۆمەڵێک دۆسیەی یاسایی دژی کۆمپانیاکان جوڵاندووەو کۆمپانیایەکی یاسایی بەکرێگرتووە، تا لەدادگاکانی لەندەن‌و پاریس سکاڵایان لەسەر تۆماربکات، سیاسه‌تمه‌دارێكى كوردیش ده‌ڵێت:"گرژیی نێوان هەرێم‌و بەغدا چووەتە قۆناغێکی نوێوە".


تادێت حكومه‌تى عێراق فشارەکانی بۆ سەر هەرێم‌و بەرپرسانی زیاتر دەکات، ململانێی نێوان هەرێم‌و بەغداش، لەململانێی سیاسییەوە سەریکێشاوە بۆ ململانێی یاسایی.

سەرباری سکاڵا تۆمارکردن لەسەر پارتی بەبیانووی پابەندنەبوون بەدەستورو داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە لەلایەن پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، تائێستا چەندین بەرپرسی کوردو بەدیاریکراوی بەرپرسی پارتی‌و نزیک لەو حزبە دراون بەدادگا.

به‌گوێره‌ى ده‌نگى ئه‌مریكا، سکاڵابارانکردنی بەرپرسانی کورد لەکاتێکدایە، دوای بەنادەستوری ناوبردنی پرۆسەی نەوتی هەرێم لەلایەن فیدراڵی عێراقەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵ هەرێم گرێبەستیان هەیە، جوڵەی یاسایی دەستپێکردووە، ئەمەش ناکۆکی‌و وەڵام‌و وەڵامکاری لەنێوان دامەزراوە یاساییەکانی عێراق‌و هەرێم دروستکردووە.

محەمەد حسێن لێکۆڵەری بواری ئابووری ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "فشارەکانی وەزارەتی نەوت لەسەر ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لەهەرێم کاردەکەن، تائێستا کاریگەریان نەبووە، بەڵام ئەمە پرۆسیسێکە دیارنییە کەی‌و لەکوێ تەواو دەبێت، عێراق لەیەک کاتدا کۆمەڵێک دۆسیەی یاسایی دژی کۆمپانیاکان جوڵاندووەو کۆمپانیایەکی یاسایی بەکرێگرتووە، تا لەدادگاکانی لەندەن‌و پاریس سکاڵایان لەسەر تۆماربکات".

باس له‌وه‌شكراوه‌، دوای قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان هەرێم‌و بەغداو توڕەبوونی هێزە شیعەکان لەسەر پشتگیریی پارتی بۆ ڕەوتی سەدر، دادگای فیدراڵی پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێمی بەنادەستوری ناوبرد، عالیە نوسەیفی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاساش سکاڵای تۆمارکردو داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرد، بەبیانووی پابەندنەبوون بەدەستورەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی ڕوونكردنه‌وه‌ى داوه‌و ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "ڕێککەوتنی سێ قۆڵی بۆ گۆڕینی سستمی حوکمڕانییە، دژی هیچ لایەک نییە".

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیارى کورد ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، گرژی نێوان هەرێم‌و بەغدا چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بەتایبەت ناکۆکی نێوانیان بڕیاری گرتن‌و قسەی جیاوازی دادگاکانی هەردوولای بەدوای خۆیداهێناوە.

ده‌شڵێت:"هۆکاری بارگرژیەکان سیاسین، ڕێککنەکەوتن لەسەر پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق ئەم بارگرژیانەی قوڵترکردووەتەوە، بارگرژیەکانیش ڕووی دارایی‌و سیاسی‌و یاساییان هەیە، دیارنییە کاردانەوەی هەرێم بەرامبەر بڕیارەکانی عێراق چی دەبێت".

چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، سەرباری سکاڵابارانکردنی بەرپرسانی کوردو فشارخستنەسەر کۆمپانیا نەوتیەکان، بەڵام هێشتا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاردانەوەی توند نەنوێنراوە، گەرچی لەوەڵامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم پرۆسەی نەوت‌و غازی هەرێمی بەدەستوری ناوبرد.

لێکۆڵەره‌ ئابووریه‌كه‌ ئه‌وه‌ى به‌دوور زانیوه‌، کۆمپانیا نەوتیەکان، کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى:"ڕەنگە چاوەڕێی ڕێککەوتنی هەولێرو بەغدا بکەن، تا بەردەوامبن لەکاری خۆیان، ئەو کۆمپانیایانە پلانی ئەوەیان هەیە، لەمساڵدا وەبەرهێنان‌و بەرهەمی نەوتی زیادبکەن، چونکە بازاڕو نرخی نەوت باشە، بۆیە تا پێیان بکرێت لەهەرێم دەمێننەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ڕەنگە چۆنێتی ڕێککەوتنی هەرێم‌و بەغدا بۆ کۆمپانیاکان گرنگ نەبێت، گرنگ ئەوەیە ڕێکبکەون‌و ئەوان بەردەوامبن، کۆمپانیاکان نیگەرانن لەو دۆسیانەی لەبەغداو لەئەوروپاش لەدژیان جوڵێنراوە، بۆیە شەڕە یاساییەکە دەستیپێکردووە، بەڵام دیارنییە کەیی‌و چۆن کۆتاییان دێت".

ش.هـ