پسپۆڕێكی ژینگەیی مەترسییەكی گەورە لەسەر ژیانی مرۆڤ ئاشكرا دەكات

تەندروستی

10/06/2022‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس


پسپۆڕێكی تەندروستی ژینگەیی پلاستیك بە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ژینگە و مرۆڤ ناودەبات و دەڵێت: لە تازەترین پشکنیندا لەناو خانەکانی سی و خوێنو گەدەی مرۆڤدا ڕێژەیەکی زۆر لە مایکرۆپلاستیک دۆزراوەتەوە، كە کاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر کوشتنی خانەکانی بەرگری و زیادکردنی ئەگەری شێرپەنجە لە مرۆڤدا.


کارزان عەبدوڵا ھەورامی، دکتۆرا لە تەندروستی ژینگە دەڵێت: دەستی لە بینەقاقای ژیان گیر کردوەو زۆری نەماوە هەناسەی بچنێت. کاڵایەکی نوێ مرۆڤ دایهێناو وا بوەتە سەرەخۆرەی خۆی، خراپترین داهێنانی مرۆڤ ئەژماردەکرێت لە مێژوودا،  نە دەتوانێت دەستبەرداری بێت نە لە مەترسیەکەی قوتاری دەبێت. بەڵایەکی ناگەهانەو یەخەی ژینگەو ژیانی گرتوە وەک موسەنەک لکاوە بەدەرقاچەی مرۆڤەوەو بەهیچ کلۆجێک لێنابێتەوە. 

باس لەوە دەكات، پلاستیک، گەرەترین هەڕەشە لە داهاتووی مرۆڤ و ژینگەو ژیان دەکات، لە دوای شەڕی جیهانی دوەمەوە دەرکەوت و زۆر بەخێرایی گەشەی سەندوو بڵاو بویەوە لەبەر زۆر پێویستی مرۆڤ پێی بە تەواوی خۆی خزاندە ناو ژیانیەوەو بو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان.   

دەشڵێت: ژمارەکان لەبارەی پلاستیکەوە ترسناکن  لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە  ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەم هاتوە ، تا ئێرە ڕەنگە ئاسایی بێت ، ئەوەی مەترسیدارە تەنها ٩٪ ی ئەم پلاستیکە ڕیسایکڵ دەکرێتەوە و ١٢٪ دەسوتێنرێت ، کە ئەمەش مەترسی گەورەی پیس بوونی هەوای  لێدەکەوێتەوە ، ماوەکەی کە دەکاتە ٧٩٪ فڕێ دەدرێتە ناو ئاوو خاک و هەواوە! بوەتە بارگرانی بەسەر ژینگەو خانەولانەی زیندەوارانی وێرانکردوە، تەنگی بە ژیانی ئاوی و وشکانی هەڵچنیوە.  

"مایکرۆ پلاستیک، دەنکۆڵەی قەبارە  بچوکی  پلاستیکن کە لە نێوان مایکرۆنێک تا ٥ ملیمەتردان ،  لە پلاستیک دائەماڵرێن و دروست دەبن زۆر بە ئاسانی دەگوازرێنەوە لەنێوان پێکهاتەکانی ژینگەدا . بەپێی توێژینەوەکان گەشتونەتە هەموو شوێنێکی ئەم دونیایە، لە بەرز ترین شوێنەوە بیگرە ، کە لوتکەی شاخی ئەڤرستە ، تا قوڵترین خاڵی زەوی کە دەکاتە ڕۆژئاوای ئۆقیانوسی هێمن کە پێی دەوترێت ( مارینا ترێنچ). ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نەک هەر لە شوێنەکە بەڵکو لەناو لەشی ئەوزیندەوەرانەی لەو شوێنانەدا دەژین ڕێژەیەکی بەرچاو مایکرۆپلاستیک دۆزراوەتەوە! مەترسیەکە لەوەدایە پلاستیک لەگەڵ ئەوەدا بە خەسڵەتی کیمیایی بە پێکهاتەی ناچالاک( ئینێرت) ئەژماردەکرێت بەڵام بە زنجیرەی خۆراکیدا دەگوازرێتەوەو توانای کۆبوونەوە و گواستنەوەی هەیە لە لەشی زیندەوەرێکەوە بۆ زیندەوەرێکی تر  بە زنجیرەی خۆراکدا  گەشت دەکات تا دەگاتە ناو لەشی مرۆڤ . لە تازەترین پشکنیندا لەناو خانەکانی سی و خوێنو گەدەی مرۆڤدا ڕێژەیەکی زۆر لە مایکرۆپلاستیک دۆزراوەتەوە ئاماژەش بە کاریگەری مەترسیداری دەکرێت لەسەر ڕەوشی تەندروستی مرۆڤ وەک کوشتنی خانەکانی بەرگری و زیادکردنی ئەگەری شێرپەنجە لە مرۆڤدا" کارزان عەبدوڵا ھەورامی وای وت.

لە كۆتاییدا نوسیویەتی: ئەمە چیرۆکی پلاستیکە، لە کارگەکانەوە دروست دەبێت لەناو لەشی زیندەواران وخوێن و سیەکانی مرۆڤدا کۆتایی دێت،  ئۆقیانوسەکان سیخناخ بوون بە پلاستیک و زیندەوەرانی ئاویان هەراسان کردوون، خاک و کشتوکاڵ و خۆراکمان پڕە لە پلاستیک ، دوکەڵی سەیارەو کارگە بەس نەبوو ئێستا لەگەڵ ئەمانەشدا مایکرۆپلاستیک هەڵئەمژین، لەکاتی بەکارهێنانی پلاستیکدا ئەم چیرۆکەت بیربێت، مرۆڤ ناتوانێت پلاستیک بەکار نەهێنێت و بەرکەوتنی نەبێت لەگەڵیدا، بەڵام دەتوانێت بە دروستی مامەڵەی لەگەڵدابکات و نەبێتە هۆی کاولکاری ماڵی مرۆڤ و زیندەوەران، هونەر لێرەدایە.

س.س