توركیا له‌هێرشكردنه‌سه‌ر كوردستان پاشگه‌زبۆوه‌

کوردستان

15/06/2022‌ 8949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى میدیای ڕوسیی، تورکیا لەهێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پاشگەزبۆتەوەو له‌به‌رامبه‌ریشدا هۆکارەکەی ڕوونکردۆتەوە.


ڕۆژنامەی "ڕۆسبالت"ی ڕوسی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گریمانکراوی توركیادژ بەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەستاوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری تورکیا لەبڕیارەکەی بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە پاشەکشەیکردووە.

لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتووە، "لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ پاککردنەوەی هەردوو ناوچەی تەلڕەفعەت‌و مه‌نبه‌ج لەباکووری سوریا بەمەبەستی درووستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی بەقوڵایی 30 کیلۆمەتر ڕاگەیاند، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک کە دیارترینیان ناڕەزایی هەریەک لەئه‌مریكاو ڕوسیا بوو، سەرۆکی تورکیا لەئەنجامدانی هێرشەکەی پاشەکشەیکرد.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری ناڕەزایەتیی ئەو دوو وڵاتە لەهێرشەکەی تورکیا ڕوونە، یەکەم ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کۆڵەکەی سەرەکییەتی، بەهاوپەیمانی خۆیان دەزانن.

ئەوەش هاتووە، لەلایەکی ترەوە، مۆسکۆ زۆر کوردەکانی بەلاوە گرنگ نییە، لەبەرئەوەی کوردەکانی سوریا (ئەوانەی تورکیاش) بەگشتیی ئەوەندەی سەرچاوەی بێزاریی ڕوسیان، ئەوەندە وەک هاوپەیمانی ئەو وڵاتە دەرناکەون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی تورکیاو گروپە چەکدارییە سورییەکانی هاوپەیمانی ئەنکەرە بۆسەر باکوری سوریا، بەسروشتی خۆی، وەک تەحەددایەک وایە بۆ دیمەشق، واتە بۆ مۆسکۆش.

وه‌كو ڕۆژنامەکە ئاماژه‌ى پێكردووه‌، لەبەرئەم هۆکارانە هەفتەی ڕابردوو مۆسکۆ هانی تورکیایدا هیچ کردەوەیەک ئەنجامنەدات کە ببێتە هۆی سەختترکردنی دۆخی نالەباری سوریا.

ڕۆژنامەکە جەختیکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان دەیەوێت هەژموونی خۆی لەباکوری سوریا فراوانتربکات، بەڵام ڕوسیا ناخوازێت ئەسەد بەتەنها بەرامبەر بەئەنکەرە جێبهێڵێت کە زۆر لەدیمەشق بەهێزترە، بەڵام ڕاستییەکیش هەیە ئەوەیە کە ڕوسیا نایەوێت لەم بارودۆخەی ئێستادا لەسوریا بەرەنگاری تورکیا ببێتەوە.