ئه‌مریكا به‌یه‌كجاریی توركیا بێئومێد ده‌كات

جیهان

20/06/2022‌ 3056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، خواستی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ ناو بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی شەبەحی F-35 لەڕێگای گوشارخستنەسەر هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی بەدژایەتیکردنی بەئەندامبوونی هەریەک لەسویدو فینلەندا نایەتەدی.


ئادەم سمیس سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕوونیکردۆتەوە، تورکیا جارێکی تر ناتوانێت بگەڕێتەوە ناو بەرنامەی فڕۆکەی F-35، لەبەرئەوەی ئەنکەرە بێ گوێدانە ناڕەزایەتییەکانی واشنتۆن، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی کڕیوە.

بەوتەی سمیس، کڕینی ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەی ڕوسیا هێشتا جێگای نیگەرانی واشنتۆنە، لەبەرئەوەی بوونی ئەو جۆرە سیستەمە لەگەڵ فڕۆکەی F-35 لەیەک جێگادا ناتونجێت، لەبەرئەوەی مەترسیی هەیە زانیارییەکانی ناو فڕۆکەکە بگاتە دەستی ڕوسەکان.

هەروەک وتویەتی:"پێمانوایە لەکۆتاییدا هەندێک چەک بەتورکیا دەفرۆشین، بەڵام بەدڵنیایی ئەو فڕۆکەی F-35ی لەناودا نابێت".

وتوشیەتی:"نازانێت ئەوروپاییەکان چی بەتورکیا دەفرۆشن، بەڵام پێشیوایە ئەوانیش هەر بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکەن".

سەبارەت بەڕێگرییەکانی تورکیا لەئەندامبوونی سویدو فینلەندا لەناتۆ، سمیس وتویەتی:"ئەردۆغان دەڵێت ئەگەربێت‌و ئۆفەرێکی باشی نەخرێتە بەردەم ئەوە بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە ئەوروپاییە لەناتۆ ڕازیی نابێت، بەڵام ئەوە بابەتێکی زۆر نامەعقولە کە ئەردۆغان پێیوابێت ئەوە باشترین سات‌و سەودایە لەسەر ئەو پرسە دەیکات".