حکومەت لەسەر کێشەى ئینتەرنێتى خوێندکاران روونکردنەوە دەدات

کوردستان

27/06/2022‌ 790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، کێشەی ئینتەرنێتی ئەو خوێندکارانە چارەسەرکرا کە تاقی کردنەوەی ئۆنلاینیان لە چەند زانکۆیەکی دەرەوەی هەرێم هەبوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند"لە رێگای هێڵی گەرمی هاوڵاتییان لە وەزارەتمان سێ خوێندکار داوایان کرد کەوا ئەنتەرنێتیان بۆ دابین بکرێت، لە هەمان کاتی تەرخانکراو بۆ برینی ئەنتەرنێت لە پێناو ئەنجام دانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، ئەو سێ خوێندکارەش بە ئۆنلاین لەگەڵ زانکۆیانی دەرەوەی وڵات. تاقیکردنەوەیان هەیە، بۆیە پێویستییان بە دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت هەیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گفتوگۆکردن لە نێوان ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە وگەیاندنی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و بەھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەدین، بڕیاردرا بە دیاریکردنی هۆڵێکی تایبەت لەو سەنتەرە کە ئەنتەرنێتی بەردەوامی لیێ دابین دەکرێت بۆ ئەو خوێندکارانە و هەر خوێندکارێکی دیکە کە خزمەتگوزاری ئەنتەرنێتی پێویستە لەم کاتانەدا.

وەزارەتی گواستنەوە روونیکردوەتەوە کە لە دوای پیشاندانی بەڵگە بە فەرمانبەرانی سەنتەرەکە کە ئەمە دەیسەلمێنێت خوێندکارە لە زانکۆیەکی دەرەوە و هەروەها کە لەم کاتەدا تاقیکردنەوەی هەیە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردووە، گرنگە بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا و لەکاتی تاقیکردنەوەکانیاندا گرفتییان بۆ دروست نەبێت، ئەوا پێویستە بە گوێرەی کاتی تاقیکردنەوەکانی هەرێم خشتەکانیان دانەنێن.