خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری لە هەرێـم

مەلەفی تایبەت

03/07/2022‌ 795 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بۆ ئاگاداری هەموو،لایەک!... ئەم یاداشتنامەیەمان لەسەر داوای بەڕێز دکتۆر زانا،  لە ڕێگەی بەڕێز مامۆستا حەمە عەلی مەعروفەوە، نارد بۆ بەڕێز سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەروەها ناردیشمان بۆ بەڕێز عەلی حەمە ساڵح. ... یاداشتنامەکە، خوێندنەوەیەکە بۆ پڕۆژە یاسای وەزارەتی پەروەردە، کە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە. لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢دا لە هۆڵی سینەما سالم کۆنفرانسێکمان لەسەری سازدا، گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر کرا. .. ئەم یاداشتنامەیە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ پڕۆژە یاسای ئاماژە پێکراو، لە لایەن گروپی ڕێکخراوی ئازادبوونەوە، کە کۆمەڵێک مامۆستا و کۆمەڵناس و توێژەر لە ئەنجامی دەیان کۆبوونەوەیاندا، کە زیاتر لە چل سەعاتی تێپەەڕاند، گەیشین بەم ئەنجامەی ئێستا بۆتان بڵاودەکەینەوە. بۆ ئاگاداریش ئەو گروپەش هەموویان ئەندامی ڕێکخراوی ئاادبوون نین، وەلێ لەسەر داوای ڕێکخراوەکەمان بە سوپاسەوە هاتن بە دەنگمانەوە و زۆر خۆیان ماند کرد لە خۆێندنەەی پڕۆژە یاساکەدا.   

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ:
 پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری لە هەرێـمی كوردستان- عێراق مانگی دووی ٢٠٢٢
پاش گفتوگۆکردنی چڕی نێو مامۆستایان و کەسانی شارەزا لە پەروەردەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان گونجاو نییە. لەم یاداشتەدا ئەو خاڵانەی بوونە شوێنی نیگەرانی خراونەتە بەرچاو، بەو ئومێدەی ئەم پڕۆژەیە ڕابگیرێت و بەهەمووان بتوانرێت پڕۆژەیاسایەکی هاوچەرخ و شایستە بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کەسانی پسپۆری ناوخۆیی و دەرەکییەوە  دابڕێژرێت. یاداشتنامەیەک بۆ ڕای گشتی

یاداشتنامەی ڕەخنە و سەرنج بۆ بەردەم ڕای گشتی و پەرلەمان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای پێشنیازکراو بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
پێشەکی:
ئێمە وەک لێپرسراوێتییەکی پەروەردەیی و پیشەیی و ئەرکی نیشتیمانییمان، بە پێویستمان زانی ئەم یاداشتە ڕەخنەیی و سەرنجانەمان بخەینە بەردەم ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەستاندنی کاری دەرچواندنی یاساکە و پێدانی کاتی پێویست بە لایەن و کەسانی شارەزا بۆ داڕشتنی یاسایەکی شایستە بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و تەبا لەگەڵ پەروەردەی هاوچەرخدا. دەبێت ئامانج لە یاسایەکی وا بونیاتنانی سیستمێکی پەروەردەیی ئامانجدار بێت لە پێناو پەرەپێدانی بەهرەکانی مرۆڤ، بونیاتنانی نەوەیەکی خاوەن دەسەڵاتی مەعریفی و ئاکاری مەدەنی، دەوڵەمەند بە کارامەیی ژیان و، دروست لە ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە.
واقیعی سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا: 
بە شێوەیەکی گشتی ئامانجی پەروەردە لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا بەگشتی و لەم پڕۆژە یاسایەدا بە تایبەتی تەمومژاوییە و ئاشکرا نیە و، دیار نییە لە ڕێگای ئەم سیستمی پەروەردەییەوە چاوەڕێین نەوەیەکی چۆن بەرهەم بهێنین؟ ئێمە دەزانین ڕێژەیەکی کەمی بودجەی گشتی بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان کراوە، پۆلەکان قەرەباڵغن، باڵەخانەی قوتابخانەکان کۆن و نەشیاون بۆ پەروەردەیەکی هاوچەرخ و، مەرجی سەلامەتییان تێدا لە ئاستێکی نزمدایە، کەلوپەل و پێداویستی وانەگوتنەوە و دابینکردنی پلەی گەرمی شیاو لە خراپترین دۆخدایە، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان دوو یان سێ تا چوار دەوامیان تێدا دەکرێت، پڕۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێگەیاندنی نەوەیەکی کارامە و بەهرەداردا ناجۆرن، میتۆدەکانی وانەگوتنەوە ناچالاک و کۆنن و لەگەڵ فێربوونی کارادا ناتەبان، بارودۆخی ژیانی مامۆستایان بە هۆی بێمووچەیی و نەبوونی سیستمێکی تۆکمەی پەرەپێدانی پیشەیی، مامۆستایانی تووشی نیگەرانی زۆر کردووە و، لە ئاستێکی مەعریفیی دیاریکراودا ڕاگیراون. ژمارەی فێرگە ئەهلییەکان بە بەراورد بە کەرتی گشتی لە هەڵکشانێکی بەرچاودایە، کە ئەگەر تێچووی ئەو فێرگانە بەراورد بکەین بە تێکڕای داهاتی خێزانێک، لەو ڕاستیە تێدەگەین کە تەنها توێژێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگە دەتوانێت خەرجی فێرگەی ئەهلی بۆ منداڵەکانیان دابین بکات. هەموو ئەم ڕاستیاینە کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێربوون بۆ زۆرینەی مناڵان داناوە.
تێبینییە سەرەکییەکان لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە:
١. لە دیدی ئێمەوە ئەم پڕۆژەیاسایە کراسێکە بە بەری ئەو سیستمەی ئێستا هەیە دووراوە، لەم پڕۆژەیەدا دونیابینی فەلسەفیی ناوازەی پەروەردەیەکی هاوچەرخی تێدا بەدیناکرێت و پێودانگی زانستیی تێدا دەستنیشان نەکراوە بۆ بەگەڕخستنی سیستمێکی پەروەردەیی شایستە.
٢. زیاد لە ٣٠ لاپەڕەی پڕۆژەکە کە دەکاتە زیاد لە یەک لە سەر چواری پڕۆژەکە تەرخان کراوە بۆ ناوەندە فێرکارییە ئەهلییەکان (بڕواننە لاپەڕە ٧٤-١٠٤). ئەم خاڵە ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ هەوڵی گۆڕینی تەواوی کەرتی پەروەردەی گشتی و جێگرتنەوەی لە لایەن کەرتی پەروەردەی تایبەتەوە، کە ئەمە پێچەوانەی ڕێچکەی ئێستای وڵاتە پێشکەوتوەکانە لە بواری پەروەردەدا کە جەختی تەواو لەسەر بەهێزکردنی کەرتی گشتی دەکرێتەوە.
٣. بەشێکی زۆری پڕۆژەکە بۆ "پەیڕەوی قوتابخانە" دەستدەدات زیاتر لەوەی بۆ یاسا، "النظام المدرسي" وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٩ سیستمی قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەکان ئامادەکرابوو.
٤. گرنگترین خاڵ لە یاساکەدا کە بزرە "بەهایە" لەپاڵ ئامانجی پەروەردەدا کە پێویستە بونیات بنرێت لە لایەن کەسانی شارەزاوە نەک دابڕێژرێت لە ڕێگای وەرگرتنی لە شوێنی دیکەوە. لەم ڕوەوە، گرنگە لە یەک پەڕەگرافدا بە چڕی بەهای پشتپێبەستراو و ئامانجەکە بنووسرێت و کۆی بەندەکانی یاساکە لە خزمەتی گەیشتن بەو ئامانجەدا بن. 
٥. ئەگەر چی لە بەندی پێنجەمی ماددەی دوو لە بەشی دووی یاساکەدا نووسراوە" لە پرۆسەی پەروەردە و فێركاریدا، فێرخواز و خوێندکار ناوەندی سەرەكیه" لە کۆی پڕۆژەکەدا باس لە دەرووندروستی و ئاسودەیی و ئارەزووی منداڵ و پاراستنی شکۆی  فێرخواز نەکراوە. بەڵکو زۆر بابەتی هەستیار بەجێهێڵراوە بۆ وەزیر و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، نەک کەسە شارەزا و مەیدانییەکانی پەروەردە. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەوانەی ئەو پۆستانەیان پێدراوە پسپۆری بواری پەروەردە نین، بەڵام دەسەڵاتی گۆڕانکاری بەزۆری بەوان دراوە. هەروەها لە پڕۆژەکەدا باس لە شیاوی و ئەرک و پێکهاتەکانی وەزارەتی پەروەردە و بە تایبەت "ئەنجوومەنی وەزارەت" نەکراوە کە لێپرسراوێتیی داڕشتنی ستراتیژی فرەڕەهەندی پەروەردەییان دەکەوێتە ئەستۆ.
٦. مادەی ٤٦ی یاساکە بۆ سزای دوورخستنەوەی فێرخوازی خوێندنی بنەڕەتی، دەڵێت نابێت لە دە ڕۆژ زیاتر بێت، کە بەهیچ شێوەیەک بۆ یەک وانەش نابێت ئەو کارە ئەنجامبدرێت، نەک هەر دوورخستنەوەی لە فێرگەکەی.
٧. ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ سەنتەری شار و تا ڕاددەیەک شارۆچکەکان دانراوە، خوێندنگە دوورە دەستەکانی دەرەوەی شار و بەتایبەت گوندەکان زۆربەی مادەکانی پڕۆژە یاساکە نایانگرێتەوە، وەک ئەوەی ئەوان سەر بە سیستمی پەروەردەی کوردستان نەبن.
٨. گرنگیدان بە کەرتی تایبەت لە سەر حسابی کەرتی گشتی خاڵێکی زۆر لاوازی ئەم پرۆژەیەیە.   
لەو وڵاتانەی سیستم تێیاندا نەچەسپیوە تێکەڵکردنی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، لە لایەک فەرمۆشکردنی ئەرکە بنەڕەتی و گرنگەکانی حکومەتە لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی کەرتی گشتی بۆ خزمەتی هاوڵاتیان وەک ئەوەی لە وڵاتانی پێشکەوتووی باکوری ئەوروپا کەرتی گشتی پەرەی پێدراوە، لە لایەکی ترەوە بە ئاسانی دەبێتە مایەی قۆرخکاری و سنووربەزێنی کەسانی پارەدار. ئەو بارودۆخە دەبێتە مایەی جیاکاریی زەقی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا و، قورسایی دارایی لەسەر خێزانەکان دروست دەکات، هەروەها کردنەوەی دەرگایە بە ڕووی گەندەڵیدا، ئەمە جگە لەوەی کاریگەریی دەروونیی یەکجار نەرێنی لەسەر ئەو فێرخوازانە دادەنێت کە هەلی خوێندنیان لە دامەزراوەیەکی باشدا بۆ فەراهەم ناکرێت.   
٩. فێربوونی زمانی دایک لە باخچەکان و بازنەی یەکەمی خوێندن گرنگی پیویستی پێنەدراوە، لە کاتێکدا ئێمەی کورد بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە زمانی نەتەوەییمان پێویستە جەخت لەسەر فێربوونی زمانی کوردی لە پێشینەی کارە پەروەردەییەکانمان بێت.
١٠. دیاریکردنی کەمترین کاتی خوێندن بە (٤) چوار کاتژمێر لە ماددەی ٣٥ی پڕۆژەکەدا نادیدەگرتنی پرۆسەی پەروەردە و فێربوونە، وەک پێشنیاز، پێویستە کار لەسەر نەهێشتنی دوو/ سێ دەوامی بکرێت و جەخت لە هێشتنەوەی فێرخواز لە فێرگەدا بکرێتەوە بە پشتبەستن بە ستانداردی یونسێف.
١١. لەم پڕۆژەیاسایەدا گرنگیی پەیوەندی ناوەندەکانی خوێندن بە خێزان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر و کۆمەڵگە لە پرۆسەی پەروەردەییدا فەرامۆش کراوە. ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە ئەرکی هۆشیارکردنەوەی خێزان و کۆمەڵگە بە خووە ئەرێنییەکان لە پەروەردەی مناڵاندا دەکەوێتە ئەستۆی سیستمی پەروەردە لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و توێژینەوەوە دەربارەی بابەتە هەستیارەکانی نێو کۆمەڵگە.
١٢. ئەگەرچی مامۆستایان بزوێنەری بەڕێوەبردنی سیستمی فێربوون و پەروەردەیین و پێویستە بە دەق باس لە سەلامەتی و پاراستنی شکۆ و مافەکانیان بکرێت و جەخت لە شیاویی بوون بە مامۆستا بکرێت، پەیوەست بە خوێندن و شیاندن و ڕاهێنانی پێویست و شارەزایی مامۆستایانەوە.
١٣. لەم پڕۆژەیەدا کەمترین پابەندبوونی یاسایی دەستنیشان کراوە بۆ پاراستنی مافی کەسە پەیوەندیدارەکانی وەک مامۆستا، فێرخواز، فەرمانبەر و خێزانەکان. لە پەیوەند بە مامۆستاوە بە دوو بڕگەی کورت لە مادەی ١٨٨دا باس لە مافی مامۆستا دەکات کە نابێ لە کاتی کاریدا دەستگیر بکرێت و دەستدرێژی بۆ سەری سزای توندی دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا له‌ مادده‌ی ٧٠دا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌ركه‌كانی مامۆستا، به‌ حه‌ڤده‌ خاڵ ئه‌ركه‌كانی مامۆستای ده‌ستنیشان كردووه‌.
١٤. ئەگەرچی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا، لە ڕووی ماددیی و مرۆییەوە پڕۆژەی بونیاتنانی تواناکانی (بریتیش کانسڵ) ‌بە مەبەستی هێنانەکایەی سیستمێکی پەروەردەیی هاوچەرخ کاری تێدا کراوە، بەڵام بە وشەیەکیش لەم پرۆژەیەدا ئاماژەی پێ نەکراوە.
١٥. بیرۆکەی وانەی سەرەکی و وانەی لاوەکی لە دیدی پەروەردەی هاوچەرخەوە جێگەی پرسیارە و پێویستە سەرەکیبوون و لاوەکیبوونی ماددەکان لەبەر ڕۆشنایی ئارەزو و پێویستیی فێرخوازان بۆ گەشەکردن بڕیاریان لە بارەوە بدرێت. هەروەها وانەی پەروەردەیی هاوچەرخ زیادبکرێت وەک مافی مرۆڤ، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، لۆژیک، پەروەردەی ئاکاریی پێویستە شوێنیان بۆ بکرێتەوە.
١٦. لە پەیوەند بە خوێندنی پەیڕەوکراوەوە کە لە بەندی چواری ماددەی دوازدەی خاڵێ سێهەمی بەشی دووهەمی پڕۆژەکەدا هاتووە، باس لە سزادانی خێزان دەکات گەر ڕێگر بن لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندن. بەر لە سزادان پێویستە لیژنەیەکی تایبەتمەند هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری نەچوونی منداڵ یان دەستبەرداربوونی لە خوێندنی بنەڕەتی. ئەو لیژنەیە و وەزارەت بەرپرسیار بن لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو هۆکارەی کە وای کردووە ئەو کۆسپە دروست ببێت. پاش ئەم کارە، دەکرێت سزای توندتر دابنرێت بۆ سەرپەرشتیاری منداڵ ئەگەر بەردەوام بوو لە دانانی بەربەستی خوێندنی منداڵ. 
١٧. بەڕێوەبەر و جێگرەکەی، ڕێنوماییکاری پەروەردەیی و مامۆستا، گرنگە بەر لە دەستبەکاربوونیان و لەپاڵ بوونی بڕوانامەی پێویستدا دەستنیشانی جۆر و ماوەی خولێکی پەیوەندیداریان بۆ بکرێت بە پشتبەستن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر کایەیەکیان، تا ئاستی شیاوییان جیا بکرێتەوە لە کەسانی تر.
١٨. ڕۆڵی ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە پەراوێزدا و لە خاڵی چوارهەمی ماددەی ٦٧دا باس کراوە کە "وا باشە" بۆ ئەو ناوەندانەی ژمارەی فێرخوازیان لە سەروو (٣٠٠) ەوەیە یەک ڕێنوماییکاری پەروەردەییان بۆ دابنرێت، کە ئەمە بێبەشکردنی بەشێکی ناوەندەکانی خوێندنە لەم خزمەتگوزارییە گرنگە. هەروەها لە ماددەی ٧٠دا ئەرکەکانی بە کورتی دەستنیشان کردووە، لە کاتێکدا دەبووایە جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆڵیان لە کەرتی پەروەردەدا بکرایە و بە وردی باس لە خوێندن و شیاوی و وەرگرتنی خولی پێویست بۆیان بکرایەتەوە. هەروەها بە هۆی هەڵکشانی کێشە کۆمەڵایەتی و هەستی و دەروونیەکانەوە گرنگە ڕۆڵ بە ڕێنوماییکاری کلینیکی بۆ پڕۆژەکە زیاد بکرێت. 
١٩. بوونی کتێبخانە لە ناوەندەکانی خوێندندا پێویستییەکی پەروەردەییە، لەم ڕووەوە گرنگە لەجیاتی ئەوەی لە ماددەی ٥٠دا  وشەی "وا باشە" بۆ بوونی کتێبخانە دابنرێت، جەخت لە بوونی کتێبخانە و سەرپەرشتیاری کتێبخانە بکرێتەوە نەک دەستبەرداربوونی کتێبخانە بە پاساوی نەبوونی شوێن.
٢٠. لە یاسایەکی پەروەردەیی هاوچەرخدا پێویستە لە کواڵتی وانەگوتنەوەدا پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتییەکان بکرێت و سەرپەرشتیار پێشنیاری خولی پێویست بۆ پەرەپێدانی تواناییەکانی مامۆستا بکات تا مامۆستای خاوەن پەیام یان ئەوەی پاولۆ فرێری پێی دەڵێت "مامۆستای فێرخواز" (المعلم الطالب) دروست بکرێت تا بتوانێت بە زانیاریی نوێوە پەرە بە تواناکانی فێرخواز لە بواری پەروەردە و فێربووندا بدات.
٢١. یاساكه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌وتنی فێرخواز و بابەتەکانی پڕۆگرامی خوێندندا، چۆنیه‌تیی بوون به‌ مامۆستا و دامه‌زراندنی مامۆستادا، زۆر خراپ و نەریتیانە‌ و هیچ دیدێكی تازه‌گه‌رانه‌ی تێدا نییه‌. پێویستە جەخت لە فێرکردنی فێرخواز بکرێتەوە نەک هێشتنەوەی لە هەمان پۆلی پێشویدا.
٢٢. پێویست ناکات تەمەن بکرێت بە پێوەر بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن. سنوردارکردنی پڕۆگرامی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ تەمەنی خوار (٥٠) پەنجاساڵ و تەمەنی (١٩) ساڵ بۆ بنەڕەتی و (٢٤) ساڵ بۆ ئامادەیی و (٢٨) ساڵ بۆ پەیمانگا ئاماژەی پەروەردەیی نادروستن بۆ تاسەی فێربوون و ئارەزووی پەرەپێدانی بەردەوامی تاکەکان.
٢٣. لە مەرجی بوون بە میلاکی خوێندنگە ناحکومییەکاندا هاتوە کە نابێت تەمەنیان لە شەست و سێ ساڵ زیاتر بێت، ئەمەش فەرامۆشکردنی توانای ئەو کەسە بە ئەزمونانەیە کە چەندین ساڵیان لە بواری فێرکاریدا بەسەربردوە.
٢٤. لە ماددەی ١٤٨دا کە باسی شایستە داراییەکانی مامۆستایان لە کەرتی تایبەتدا دەکرێت، پێویستە دەستەواژەی "نابێت لە کەمترین موچەی بنەڕەتیی هاوشێوەی لە کەرتی گشتیدا" لاببرێت و بە ئاشکرا لایەنی کەمیی مووچە بۆ هەر شارەزاییەک دەستنیشان بکرێت تا ڕێگری بکرێت لە نادادی بەرامبەر ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.  
٢٥. لە ڕووی داڕشتن و زاراوەسازییەوە پڕۆژەکە پڕە لە کێشە و جیاوازی لەنێوان چەمکەکاندا نەکراوە، وەک چەمکەکانی فێرکردن، فێرکاری، فێربوون. ئێمە پێمان باشە فێربوون بە کار بهێنرێت وەک کردەیەکی دوولایەنە لەنێوان مامۆستا و فێرخوازدا، هەرچەندە ئەوەش ئەزانین کە سەرەتایەک لە فێکردن هەیە.
٢٦. بابەتی فرۆشگا و خواردنگە بە کاڵوکرچی بە جێ هێڵراوە لە ڕووی کواڵیتیی خواردنەکان لە پەیوەند بە گەشەی فێرخواز و تەمەنیانەوە. هەروەها باس لە تەرخانکردنی دەستکەوتیان بۆ پێداویستیەکانی قوتابخانە نەکراوە.
٢٧. لە بەشێکی زۆری ئەم پڕۆژەیاسایەدا نووسراوە کە ناوەندەکانی خوێندن موڵکی حکومەتن واتا موڵکی گشتین، بۆیە ناکرێت دەستەڵات دەستئاوەڵا بکرێت بە بێ یاسا بۆ مامەڵەکردن بەو موڵکە.
٢٨. له‌م پرۆژه‌یاسایه‌دا و له‌ مادده‌ی ١٩٠ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ حوكمه‌ گشتییه‌كان، زۆر لاستیكیانه‌ باس له‌ موڵكه‌كانی وه‌زاره‌ت کراوە و به‌ هیچ جۆرێک ئاماژه‌ بۆ ئه‌و باڵه‌خانه‌ و بینایانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ نه‌كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیا و حیزب و پارته‌ سیاسییه‌كانەوە یان له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و ده‌زگایه‌كی دیكه‌وه، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمدا،‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه. مە‌سه‌له‌یه‌كی وا گرنگ نابێت له‌م یاسایه‌دا به‌و شێوه‌ لاوه‌كییه‌ ئاماژه‌ی بۆ بكرێت.
٢٩. لەم پڕۆژەیەدا بە هیچ شێوەیەک باس لە خەسڵەتەکانی بیناسازی نەکراوە کە گونجاو بێت بۆ کەشی فێربوون لە ناوەندەکانی پەروەردە و فێربووندا. لەم ڕووەوە پێویستە ئەو بینایانەی تازە دروست دەکرێن بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان بن و کارئاسانی بۆ پرۆسەی فێربوون و پەروەردەی تێدا ڕەچاو بکرێت، بۆ نموونە بوونی کتێبخانە، یاریگای شیاو، ڕووناکیی پێویست و تاقیگەی تایبەت بە فێربوون.
 ٣٠. سەبارەت بە ژمارەی فێرخواز لە پۆلدا، ئەگەرچی لە ڕووی زانستی و پەروەردەییەوە زیاد لە ٢٥ فێرخواز لە پۆلێکدا کە ڕووبەرەکەی لە ٣٥ مەتری دووجا کەمتر بێت گرفتە، ئەم خاڵە سەرپێیی لە ماددەی ٨ ی بڕگەی یەکەمدا بەم جۆرە لاستیکییە بە جێ هێڵراوە: " پێویستە ژمارەی منداڵان لە هەر پۆلێكدا، گونجاو بێت لەگەڵ ڕووبەری پۆلەکە و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی گونجا"'.
٣١. لە پەیوەند بە هەڵسەنگاندنی فێرخواز و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی خوێندن و هەڵبژاردنی ئامادەیی یان خوێندنی پیشەییدا تەنها گرنگی بە تاقیکردنەوە و نمرە دراوە و هیچ بەرژەوەندی و ئارەزوویەکی فێرخواز لە بەرچاو نەگیراوە. ئەم ژینگەی خوێندنە ڕێگا بە فێرخواز نادات دیدی ڕەخنەگرانەی بۆ ژیان گەشە پێ بدات بەڵکو نمرە تاکە پێوەری توانست و ئارەزوەکانی دەبێت.
٣٢. لە پڕۆژەیاساکەدا هیچ خاڵێک بە دی ناکرێت دەربارەی جۆریەتی بابەتەکانی خوێندن و نوێکردنەوەی زانیاریی نیو کتێبەکان. بۆ نموونە له‌كاتی وه‌رگێڕانی كتێبی خوێندن بۆ سه‌ر زمانی كوردی، پێویسته‌ وه‌زاره‌ت پشت به‌و وه‌رگێڕانه‌ ببه‌ستێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا وه‌رگێڕی به‌ناووبانگ و به‌سه‌لیقه‌ن و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می وه‌رگێڕانی نایابن و له‌ بواری وه‌رگێڕاندا متمانه‌ی باشیان به ‌ده‌ست هێناوه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی تەنها پشت به‌ مامۆستا یان سه‌رپه‌رشتیار یان ڕاویژكاره‌كانی وه‌زاره‌ت ببه‌ستێت.
٣٣. لە خاڵی یەکەمی مادەی ٤٤دا نووسراوە "لە هەموو دامەزراوە پەروەردەیی و فێرکارییەکاندا گشت ئەو کار و ڕەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردە و فێركاریدا ناگونجێن ڕێپێنەدراون" کە پێنج بڕگە لە خۆ دەگرێت، پێویستە ڕاشکاوانە  هێنان و هه‌ڵواسینی لۆگۆ و ئاڵای پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا قەدەغە بکرێن، هەروەها دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یادكردنه‌وه‌ی بۆنه‌ی حیزبی، وه‌ک ڕۆژی له‌دایكبوونی سه‌ركرده‌ و ڕۆژی دامه‌زراندنی حیزب و گروپەکان، کە سەرجەمیان دەبنە مایەی تێکدانی کەشی فێربوون و پەروەردەی دروست.
٣٤. ئەگەر چی لە‌ خاڵی دووه‌می مادەی ٩١دا هاتووە "کتێبە بڕیارلێدراوەکانی خوێند تەنها سەرچاوەن بۆ تاقیکردنەوە" باس لە قەدەغەکردنی مەلزەمە نەکراوە کە زیاتر لە (٣٠) سی ساڵە بۆتە بازرگانی بۆ هەندێک مامۆستا و بارگرانیی لە سەر خەڵک و لەسەر سیستمی فێربوون. بۆیە پێویستە گرنگی بە پڕۆگرامەکانی خوێندن بدرێت بەجۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ توانای فێرخواز لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا.
٣٥. یاساکە هیچ ئالیەت و میکانیزمێکی کردەیی کارا و پراکتیکی بۆ جێبەجیکردنی ئامانجەکانی خودی یاساکە دەستنیشان نەکردووە.
٣٦. ئەو سیستمی "دڵنیایی جۆری"یەی چەند ساڵێکە لە پەروەردەدا دانراوە بەرهەمدار نەبووە، پێویستە ئالیەتی کاراکردنی سیستمێکی پەرەپێدانی جۆرێتی دەستنیشانبکرێت.
٣٧. لە فێربوونی تایبەتدا بە بەندی تایبەت باس نەکراوە کە چۆن منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەلی یەکسانی خوێندنیان بۆ فەراهەم بکرێت.
٣٨. لە مادەی ١٦ دا، لە مەرجەکانی دامەزراندنی سەرپەرشتیاردا کردویەتی بە مەرج کە کەسەکە ئەزموونی هەبێت وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر کە ئەمەش مانای وایە لە سەدا هەشتای مامۆستیانی پسپۆرییە جۆراوجۆرەکانی بێبەشکردوە لە بوون بە سەرپەرشتیار.

کۆتایی: ئێمە وەک ئامادەکارانی ئەم یاداشتنامەیە ئامادەی هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەکین لە پێناو داڕشتنی پڕۆژەیەکی هاوچەرخ بۆ پەروەردە و فێربوون لە هەرێمی کوردستان.

هاوپێچ: ناوی ئەندامانی ئامادەکار

کۆتایی