چه‌ند به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتار له‌حه‌جن؟

عیراق

05/07/2022‌ 1245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، هاوکات لەگەڵ جموجوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق‌و سەرقاڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەدۆخی چەقبەستوویی سیاسیی وڵات، لەمساڵدا  نزیکەی 400 بەرپرسی عێراقیی هەر لەوەزیرو بریکاری وەزیرو سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان‌و ئەندامانی په‌رله‌مان، بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ڕوویان لەسعوودیە کردووە.


ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردووە، ژمارەی ئەو پەڕلەمانتارانەی بەشداریی ڕێوڕەسمەکانی حەجیان کردووە 100 پەڕلەمانتاریان تێپەڕکردووە، کە زۆرینەیان لەلایەن باڵیۆزخانەی سعودییە (ئیستیسنا)یان بۆکراوەو بەشێوەی تایبەت ناویان بۆ پڕۆسەکە تۆمارکراوە، کە ئەو ژمارەیەش کەمێک لەسێیەکی ژمارەی ئەندامانی په‌رله‌مانى عێراق کەمترە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، زۆری ژمارەی ئەو بەرپرس‌و پەرلەمانتارانەی ئەمساڵ بەشداریی مەراسیمی حەجیان کردووە بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوکەسانە ترسیان هەیە لەحکومەتی داهاتوودا هیچ پێگەو پۆستێکیان نەمێنێت یان بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە سیفەتی پەڕلەمانتاریان نەمێنێت‌و بەوهۆیەوە لەساڵانی داهاتوودا نەتوانن بەشداریی مەراسیمی حەج بکەن.

ئەوەش هاتووە، ئەمساڵ ژمارەی ئەو پلە تایبەتانەی بەشداریی مەراسیمی حەجیان کردووە زۆر لەساڵانی ڕابردوو زیاترە، کە ئەوەش ئاماژەیە بەوەی پەڕلەمانتارو بەرپرسانی عێراق بەهیچ شێوەیەک دۆخی سیاسیی وڵات‌و گوزەرانی هاوڵاتیانیان بەلاوە گرنگ نییە.