ڕوسیا ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەکوردستان زیاد دەکات

کوردستان

05/07/2022‌ 2819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ هەڵكشانی ئاستی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لەڕۆژئاوای کوردستان، ڕوسیاش دەستیکردووە بەزیادکردنی ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەناوچەکەدا، لەو چوارچێوەیەشدا ئەو وڵاتە سەدان سەربازو ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ کردووە.


ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ڕوسیی لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ نیشتۆتەوە کە 300 سەربازی سەر بەیەکەی پەڕەشووتیان لەناودا بووەو لەفڕۆکەخانەکەدا نیشتەجێکراون.

ئەوەش هاتووە، ڕوسیا بەنیازە ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لەقامیشلۆ زیادبکات، بەلەبەرچاوگرتنی گرنگی پێگەی جوگرافییەکەی‌و نزیکیی لەبنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەپارێزگای حەسەکە، هەروەک بەوپێیەی قامیشلۆ لەهێڵی سنووریی تورکیاوە نزیکە، کە هاوکات سنووری هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ)شە.

بەوتەی ئەو سەرچاوانە، زیادبوونی ژمارەی هێزە پیادەکانی ڕوسیا، هاوکاتە لەگەڵ هێنانی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی، بەشێوەیەک ماوەی دوو مانگ دەبێت ئەو وڵاتە دوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری سو-35و 6 هێلیکۆپتەری جەنگیی هێناوەتەوە ناوچەکە، ئەو فڕۆکانەش خراونەتە پاڵ ئەو فڕۆکانەی تر کە پێشتر لەناوچەکەدا جێگیرکرابوون.

باس لەوەکراوە، بەهۆی هێنانی ئەو ژمارە سەربازو فڕۆکە جەنگییە، لەئێستادا بنکەی سەربازیی قامیشلۆ لەدوای بنکەی حەمیمیم لەڕوی پڕچەککردن‌و ژمارەی هێزەکانەوە بۆتە دووەم گەورە بنکەی سەربازیی ڕوسیا لەسوریا، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە، کە پێدەچێت ناوچەکە پەرەسەندنی نوێ بەخۆیەوە ببینێت بەتایبەت لەدوای هەڕەشەکانی تورکیا بەوەی دەیەوێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لەڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامبدات.