شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیهكى بەریتانی، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەئۆکرانیا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ڕوسیا لەو وڵاتە، مەترسیی ئەوەش زیادیکردووە، ئەو چەکانە بکەونە دەستی باندە مافیاییە تاوانکارییەکانەوەو لەبازاڕى ڕەشدا بفرۆشرێتەوە.
ڕۆژنامەى "دەیلی مەیڵ" بەریتانی لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە گواستوویەتییەوە کە داوایکردووە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت، وتویەتی "باندەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەڕێگهی پۆڵەنداوە دێنە ئۆکرانیاو بەرامبەر بەپارە چەکە ڕۆژئاواییەکان لەفەرماندە سەربازییەکان دەکڕنو دواتر دەیانگەڕێننەوە بۆ ناو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
لەماوەی ڕابردوشدا میدیاکانی ڕوسیا گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە دەریدەخات دوو چەکدار لەوڵاتی سوریا ئەو چەکە دژە تانکەیان هەڵگرتووە کە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان وەک هاوکاریی بۆ ئۆکرانیایان ناردووە.
هەروەک لەگرتە ڤیدیۆییەکی تردا کە لەژمارەیەک پێگەی ئینتەرنێتی سەر بەڕوسیا بڵاوکراونەتەوە، ئەوە پیشاندەدات، چۆن لەبازاڕی ڕەشی ئۆکرانیادا کڕینو فرۆشتن بەموشەکە دژە تانکەکانەوە دەکرێت.
لەبهرامبەر ئەو ڕاپۆرتانەدا، یوری ساک وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، "کیێڤ بەجدی کار لەسەر ڕەواندنەوەی گومانی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بەکڕینو فرۆشتنی چەک لەبازاڕی ڕەشدا دەکاتو لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان چاودێریی ئەو بابەتە دەکەن".
لاى خۆیشیهوه ئاندرێ یەرماك سەرۆكی ئەركانی سوپای ئۆكرانیا لەهەژماری تایبەتیی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی (تێلیگرام) نوسیویهتى:"پەرلەمان وەك دەسەڵاتى یاسادانان پێویستە بەشداربێت لەچاودێریكردنی یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، ئامانجیشمان ئەوەیە تا دەكرێت بەپێی یاسای فریاگوزاری شەفاف بین".
جهختیشیكردۆتهوه، "ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا پێشکەشیکردووین، تۆمارکراونو ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ کراون".
یەرماک دهشڵێت:"لیژنەیەکی چاودێریی مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بەکۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەکات کە لەهاوبەشەکانمانەوە وەرگیراون".
جەختیشیکردەوە، "شەفافیەت باشترین ڕێگایە دژی یاریی پێکردنو بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لەلایەن ڕووسیاوە".
هاوكات یەکێتیی ئەوروپاش ڕایگەیاندووە، دەیەوێت ناوەندێکی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو لەمۆڵدۆڤا دروستبکات، بەتایبەت بۆ بابەتی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی چەک لەئۆکرانیاوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ.
باس لەوەدەکرێت، دوای ساڵی 2014و بەهۆی ململانێی نێوان جوداخوازانی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن مۆسکۆوە پشتیوانیان لێدەکرێتو سوپای ئۆکرانیا، چەکی تاکەکەسیی بەشێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە.