هاوپەیمانی فەتح: خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر ڕێگرنابن لەپێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە

عیراق

01/08/2022‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامریی ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی توانای پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقی هەیە، ئەوەش سەرەڕای یارییەکانی سەدرو گوشارە دەرەکییەکان کە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی دروستبکەن، سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیش ده‌ڵێت:"سورین لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران".


مەحمود حەییانی سەرکردەی سەر بەهاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"ئەو حکومەتەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت دروستیبکات حکومەتێکی تەوافوقی دەبێت‌و دەتوانێت قەیرانەکان چارەسەربکات‌و وڵات بەرەو کەنار ئارامی بەرێت".

ڕونیشیکردۆتەوە، پڕۆسەی سیاسیی ئێستای وڵات پڕە لەناکۆکی لەنێوان چەندین هێزی سیاسیی جا چی شیعی بن یان سوننی‌و کوردی.

حەییانی هەروەک وتویەتی:"چوارچێوەی هەماهەنگی لەپێناو کۆتاییهێنان بەقەیرانی چەقبەستویی سیاسیی کاری لەسەر دەستنیشانکردنی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران کردو هانی لایەنە کوردییەکانیدا لەسەر پۆستی سەرۆ کۆمار ڕێکبکەون بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەت بنرێت".

ڕونیشیکردۆتەوە، سەدرو ئەجێندا دەرەکییەکان دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دروستبکەن بۆئەوەی دانیشتنی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەنەچێت‌و ڕێگە لەهاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بگرن حکومەت پێکبهێنێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەحمەد تەها سەرۆکی کوتلەی نەهیجی نیشتیمانی ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ نیازێکی نییە محەمەد شیاع سودانی لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکى حکومەتی داهاتوو بکێشێتەوە یان بەکەسایەتییەکی تری بگۆڕێت.

تەها بەکەناڵی بەغدا ئەلیەومی ڕاگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیه‌كى دانوستان پێکدەهێنێت بۆئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکات کە لەکاندیدبوونی سودانی ناڕازییە، بەڵام دواجار تائەم ساتە هاوپەیمانێتییەکە نیازی نییە ناوبراو بگۆڕێت.

سەبارەت بەساتی گرێدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان، تەها وتویەتی:"ڕێکنەکەوتنی کورد لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاستەنگی بۆ دیاریکردنی کاتی گرێدانی کۆبوونەوەکەی په‌رله‌مان درووستکردووە".