شارپرێس:
میدیای ڕۆژئاوا ڕایگهیاندووه، ڤلادیمیر پوتن سهرۆكى ڕوسیا توشى نەخۆشییەکی مەترسیدار بووه، هاوكات ههواڵگرى ئۆكرانیاش ئاشكرایدهكات، ئهوكهسهى بهشداریی چهند چالاكیهكى كردووه پوتن نهبووه، بهڵكو هاوشێوهكهیهتى.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئۆکرانی ئاشكرایكرد، ڕوسەکان لەچەندین بۆنەی فەرمییدا دۆپلەر (هاوشێوە)ی ڤلادیمیر پوتنییان بەکارهێناوە، ئەمەش وایکردووە جارێکی تر گومان لەسەر باری تەندروستیی سەرۆکی ئەو وڵاتە دروستبێت كه ناوبراو نەخۆشییەکی مەترسیداری ههیه.
هەرچەندە ڕوسەکان سەرجەم ئەو دەنگۆیانە لەبارەی دۆخی تەندروستیی سەرۆکەکەیان ڕەتدەکەنەوە.
ڤادیم سکیپێتسکی بەرپرسی هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا لهچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "زە تێلێگراف"ی بەریتانیی ئاشكرایكردووه، ڤلادیمیر پوتن "تەندرووستی جەستەییو دەرونیی باش نییە"، ئەندامانی بازنەی نزیک لەئەویش لەبارەی خراپی دۆخی تەندروستییەوە ترسیان لێنیشتووە.
لەچاوپێکەوتنەکەدا ئەو بەرپرسەی هەواڵگریی ئۆکرانیا وتویهتى:"سەرۆکی ڕوسیا بۆ پەردەپۆشکردنی خراپبوونی باری تەندروستی خۆی، هاوشێوەکەی بەکاردەهێنێت، هەندێکجاریش ئەستەمە بزانین ئایا ئەوكهسه پوتنی ڕاستەقینەیە یان کەسێکی ترە جێگەی دەگرێتەوە".
لهلایهكى دیكهشهوه گۆڤاری نیوزیوکی ئەمریکی باسی لەوەکردووە، لەمێژە قسەو باس لەسەر تەندروستی سەرۆکی ڕوسیا دەکرێت، ئەم گومانانەش لەدوای ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە24ى شوباتەوە زیاتربوون، لەکاتێکدا کرێملین چەندینجار ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوەو دووپاتیکردووەتەوە کە "لەبارەی تەندروستیی پوتنەوە هەموو شتێک باشە".
لەکورتە ڤیدیۆیەکدا کە پوتن پشووی کۆتایی هەفتە بەسەر دەبات جارێکی تر گومانەکان لەسەر تەندروستیی ناوبراو سەریانهەڵدایەوە، ئەویش کاتێک هەندێک کەس ئاماژەیان بەوەکرد، سەرۆکی ڕوسیا توانای ئەوەی نەبووە قۆڵی ڕاستی بۆ دورخستنەوەی مێشولەیەک بەرزبکاتەوە.
لەکاتی سەردانەکەی مانگی ڕابردووشی بۆ ئێران، بەشێک لەڕۆژنامەنوسان گومانیان لەدۆخی تەندروستیی پوتن بۆ درووستبووەو وتویانە، شێوازی ڕۆیشتنو گرتنی قۆڵی ڕاستی ئاسایی نەبووە، چەند ڕاپۆرتێکی پێشووتریش باسیان لەوەکردووە، سەرۆکی ڕوسیا تووشی شێرپەنجەو نەخۆشیی پارکنسۆن بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە بۆئەوە نەبووە.
هەروەک بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، لەمانگی ئایاری ڕابردودا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئۆکرانیا، کیریلو بودانۆڤ باسی لەوەکردووە، پوتن "بەدەست ئازاری جەستەییو دەرونییەوە دەناڵێنێت، پوتن زۆر نەخۆشەو لەیەککاتدا توشی چەند نەخۆشییەک بووە لەنێویاندا شێرپەنجە".
لەبەرامبەردا، دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕوسیا دهڵێت:"ئەو هەواڵانەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا لەبارەی دۆخی تەندروستیی ڤلادیمیر پوتنەوە بڵاویدەکەنەوە، سەرلەبەریان درۆن".
مانگی ڕابردووش، ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی لهکۆڕبەندی ئاسایشیی ئاسپێن بەلێدوانێک دەرگای لەسەر هەموو ئەو دەنگۆیانە داخست کە باس لەخراپی تەندروستیی پوتن دەکەنو وتویەتی:"دەنگۆیەکی زۆر لەسەر تەندروستی ڤلادیمیر پوتن هەیە، بەڵام ئەوەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە کە تەندروستی سەرۆکی ڕوسیا زۆرباشە".
