FBI چیی لەترەمپ دەوێت‌و بۆچی بەسەر ماڵەکەیاندادا؟

جیهان

10/08/2022‌ 4283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی دوشەممە ئەفسەرانی سەر بەئاژانسی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی کتوپر بەسەر ماڵی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکایاندادا لەویلایەتی فلۆریدای ئەو وڵاتە، دوای ئەو ڕوداوە ترەمپ لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو هێزانە کۆنترۆڵی ماڵەکەیان کردووە قاسەکەیان شکاندوە.


سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ ترەمپ بۆ سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە کاتێک وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بەگواستنەوەی چەندین دۆسیەی هەستیاری سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ماڵی ترەمپ لەفلۆریدا دەستی بەلێکۆڵینەوە کرد.

لێكۆڵینەوەكە دوای ئەوەهات كە بەڕێوەبەرایەتی ئەرشیف‌و تۆمارە نیشتمانییەكانی ئەمریكا لەمانگی شوباتی ڕابردوودا كۆنگرێسی ئاگاداركردەوە كە نزیكەی 15 سندوقی بەڵگەنامەی كۆشكی سپییان لەماڵەكەی ترەمپ لەفلۆریدا دۆزیوەتەوە، كە هەندێكیان "مادەی زۆر نهێنییان"یان تێدایە.

لای خۆشییەوە لیژنەی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەکارەکانی ترەمپ فراوانتر دەکەن‌و داواشی لەئیدارەی ئەرشیفەکان کرد زانیاری زیاتر ڕادەستبکەن.

هەروەک ئێریک ترەمپ یەکێک لەکوڕەکانی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بە"فۆکس نیوز"ی ڕاگەیاندووە، پشکنینەکە پەیوەندی بەسندوقی بەڵگەنامەکانەوە هەیە کە ترەمپ لەکۆشکی سپییەوە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی بۆ ماڵەکەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، باوکی لەمبارەیەوە چەندین مانگە هاوکاری ئیدارەی تۆمارە نیشتمانییەکان کردووە.

بەگوێرەی یاسایەکی فیدراڵی کە پێی دەوترێت یاسای تۆمارەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێویستە یاداشت‌و نامەو تێبینی‌و ئیمەیڵ‌و فاکس‌و پەیوەندییە نووسراوەکانی دیکە کە پەیوەندییان بەئەرکە فەرمییەکانی سەرۆکەوە هەیە، بپارێزرێت.

ماڵپەڕی "سکای نیوز"ی بەریتانی بەپشتبەستن بەگێڕانەوە لەکەسە نزیکەکانی ترەمپ لەماوەی مانەوەی لەکۆشکی سپیدا ئاشکرایکردووە کە "ناوبراو هەمیشە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دڕاندووە  پارچە پارچە کردووە، ئەمەش یاریدەدەرەکانی ناچارکردووە بەیەکەوەیان بلکێننەوە بۆ ئەوەی ئەو یاسایانە پێشێلنەکەن کە قەدەغەی کردووە تۆمارە سەرۆکایەتییەکان لەناوببرێن.

هەروەک ناوەڕۆکی کتێبێکی نوێی ڕۆژنامەنووسێک لەڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بەوردیی باسی لەوەکردووە، چۆن کارمەندانی کۆشکی سپیی ناوبەناو پارچە بەڵگەنامە ڕەسمییە دراوەکان لەناو تەوالێتەکەدا دەدۆزنەوە.

هەروەهاباس لەوەشدەکات، ترەمپ بۆ ڕاییکردنی ئەرکە فەرمییەکان مۆبایلە تایبەتییەکای خۆی لەبری تەلەفۆنی کۆشکی سپیی بەکارهێناوە.

مایکل توبمان بەرپرسی پێشووی لقی ویلایەتی مینیا پۆلیسی FBI رایگەیاندووە، بڕیاری FBI بۆ ئەنجامدانی گەڕان‌و پشکنین لەماڵی سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا "بێ پێشینەیە"و پێشتر شتی وەها ڕووینەداوە.

تۆبمان بەفۆکس نیوزی وتووە، "ئێمە هەرگیز لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ سەرۆکەکان نەکردووە لەدوای کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییان، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆFBI، بەتایبەت کە باس لەکەسێک دەکرێت کە دەڵێت لەوانەیە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کاندید بکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەدەستهێنانی فەرمانی پشکنین بۆ ماڵی سەرۆکێکی پێشوو "کارێکی سادە نییە، چونکە پێش هەموو شتێک دەبێت هۆکارێک بخەیتەڕوو کە توانای قەناعەت پێکردنی داواکاری گشتی هەبێت".