لەپێناو پەیوەندییەکانى لەگەڵ سوریا ئەنکەرە دەستبەرداریی ئۆپۆزسیۆنی سوریی دەبێت

جیهان

31/08/2022‌ 3459 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی تورکیا لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریاو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە،  دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنی سوریی لایەنگری خۆی لەو وڵاتە دەربکات کە لەساڵی 2011و لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا بەهەموو شێوەیەک دژ بەدیمەشق پشتیوانیکردون.


بەگوێرەی ئاژانسی هه‌واڵى "تەسنیم"ی ئێرانیی کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایان لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاو هاوپەیمانی نیشتیمانیی سوری (SMDK) کردوە خۆیان بۆ جێهێشتنی خاکی تورکیا ئامادەبکەن.

ئەو سەرچاوانە بەئاژانسە ئێرانییەکەیان وتوە، هەفتەی ڕابردوو، بەرپرسێکی تورکی لەگەڵ سەلیم مەسڵەت سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانیی سوریی کۆبۆتەوەو تێیدا ڕایگەیاندوە، ئەنکەرە سورە لەسەرئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا ئاسایی بکاتەوە، بۆیە دەبێت هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەو دۆخە نوێیە قبوڵ بکەن.

تەسنیم باسی لەوەکردوە، ئەنکەرە دەیەوێت هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریی هەموو چالاکییە سیاسیی‌و میدیاییەکانی لەتورکیا ڕابگرێت‌و خۆیان بۆ جیهێشتنی تورکیاو نیشتەجێبون لەوڵاتێکی تر ئامادەبکەن.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، مەسڵەت ڕەزامەندیی لەسەرئەوە دەربڕیوە کە خاکی تورکیا جێبهێڵن‌و ڕوو لەشانشینی سعودیە بکەن.