لە حەنانە كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە ئەنجامدەدرێت

عیراق

22/09/2022‌ 1505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وابڕیارە شاندێكی هاوبەشی كورد و سونە و چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی حەنانە بكەن و پرسی چەقبەستوی سیاسی عێراق لەگەڵ سەدر تاوتوێ بكەن.

 مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی كۆبونەوەكەوە وتی: زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رەوتی سەدری پێشوازی لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی حەنانە دەکات.

وتیشی: لەو سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر بنبەستی سیاسی لە عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، وەفدەکەی حەنانە پێک دێت لە کورد و سوننەو چوارچێوەی هەماهەنگی و چاویان بە سەماحەتی سەدر دەکەوێت.

هەروەها  خەلیل دەشڵێت: پۆستی سەرۆک وەزیران مافی پێکهاتەی گەورەیە کە چوارچێوەی شیعییە، بڕوا ناکەم سەماحەتی سەدر کیشەی لەسەر (محەمەد شیاع سودانی) کاندیدی سەرۆک وەزیران هەبێت، کێشەکەی لەسەر بەرنامەی حکومەتە.

لەلایەکى دیکەوە، ڕۆژنامەی "عەرەب" لەبابەتێکدا کە لەژێر ناونیشانی "ئایا مالیکی هەوڵە سێ لایەنەکە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر لەباردەبات؟" بڵاوکردۆتەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی بەسەرۆکایەتیی مالیکی دەیەوێت پێشئەوەی شاندی سێ قۆڵی هادی عامریی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و محەمەد حەلبوسیی بەرەو حەنانە بەڕێبکەون بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسیی‌و ڕێککەوتن لەگەڵ سەدر بکەن، ئەوان لەسەر کاندیدی کۆتایی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بگەنە ڕێککەوتن.

ئەوەش هاتوە، "ئەو تیمەی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی دەکات، سورە لەسەرئەوەی ناکرێت گۆڕانکاریی لەکاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بکەن، ئەوەش لەلایەن قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق‌و عەمار حەکیمی ڕێبەری ڕەوتی حیکمە پشتیوانیدەکرێت".
س.س