جەنگی ئۆکراینا و مردنی شاژن و کورد!

مەلەفی تایبەت

24/09/2022‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

محمد خۆشناو
زستانی ئەمساڵ لەسەر مرۆڤایەتی زۆر دژوار دەبێت  لەئێستاوە ئەوروپا هاواری لێهەڵساوە ، کێشوەرە پیرەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخی ئابووریەکەی بەرەوخراپتر دەڕوات و چاوەڕێی زستانێکی تووند دەکات کەوا بەڕێوەیە و ، پێشبینی دەکرێت نرخی ووزە بەهەموو هێزەوە بەرز ببێتەوە ، ئەوەتا نرکەنرکی پێش قیژ و هاوار دزەی کردۆتە سەر شەقامەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ،
نوزەنووز بەهێزەوە هاتۆتە ناو شەقام و ماڵەکانی ئەڵمانیا ، وڵاتانی خۆرئاوای ناچارکردووە لە ئەلتەرنادیفی ووزە لەسەر ئاستی جیهاندا بگەڕێن.
جەنگی نێوان ڕوسیا و خۆرئاوا بەسەرۆکایەتی وڵاتەیەکگرتووەکان و بە بەلاگێڕکردنی سەربازانی ئۆکراینا بەرەو دژواری دەڕوات و ، باس لە ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تەکتیکی دەکرێت و ، ڕوسیا داوای هەزاران سەربازی یەدرگی کردووە کە چەند  مانگێکی دەوێت بۆ ئامادەبوویی سەربازییان ، ئەمە وادەکات کە زیاتر وڵاتانی ئەوروپی دادۆشرێن و ئەوەندەی تر بترسێن ، هەربۆیە لەئێستاوە هەندێکیان ئاماژەیان بەوەکردووە کە لەوانەیە چیتر نەتوانن وەک پێویست یارمەتی ئۆکراینا بدەن ، لەلایەکی دیکەوە وڵاتەیەکگرتووەکان بەدەست بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و ئازاری دانیشتووانەکەی دەناڵێنێت بەتایبەتی خەڵکە کەمدەرامەت و مامناوەندەکان لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ خۆگەرمکردنەوە لە زستاندا و ، بەپێی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت نرخی ووزە پازدانێکی گەورە بەخۆوە ببینێت و بێتە بەردەم دەرگاکانی دانیشتوانی ئەمەریکا ، ڕاستە هێزەکانی ئۆکراینا بەیارمەتی خۆرئاوا هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەیان  لە هێزەکانی ڕوسیا سەندەوە ، بەڵام بەپێی قسەی پسپۆرانی سەربازی ئەمە بەسەرکەوتنی ستراتیژی دانانرێت….لەم چەند ڕۆژانەی دادێت ڕاپرسیە ڕاگەیەنراوەکە لەسەر هەر چوار هەرێم «دۆینتسک ، لۆگانسک ، خێرسۆن ، زابۆریبگیا » تەواو دەبن و هەرچوار هەرێم بەڕسمی وەکو دوورگەی«کریما» دەچنەسەر ڕوسیا ، بەڵام  ئایا ئەوکاتی ئۆکراینا بەیارمەتی خۆرئاوا دەتوانن لەو هەرێمانە بدەن ، بێ ئەوەی دووچاری وڵامێکی سەربازی لەلایەن ڕوسیا  لەو جەنگەدا بن و جەنگ بەیەک ڕۆژ یەکلاببێتەوە ؟! ئەمجارە ڕوسەکان بەچڕی هێرشی ئاسمانی و مووشەکی و سەربازی دەکەنە سەر دامەزراوە هەستیارەکان لە ئاو و کارەبا و تا دەگاتە «مەڵبەندی دروستکردنی بڕیار» لە کییێف کە خودی زیلینسکی دوور نەبێت لە گوولەی ڕوسەکان ، هەموو ئەوەی باسمانکرد ئەوەیە کە دۆخەکە زۆر ترسناکە بەتایبەتی لەڕووی ووزەوە…ئێستا خۆرئاوا بەدوای گرێبەستێکدا دەگەڕێت بۆ دەربازکردنی خۆی و بەرژەوەندیەکانیان لەو دۆخە خەراپەی تێی کەوتووە  ، ، ئەوان ئامادەن هەر ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە ووزە بکەنە هاوبەشێکی ستراتیژی خۆیان .
ئێستا جیهان سەیری کەندا و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی دەکات ، بەوپێیەی ئەو ناوچەیە دوایین کۆگای ووزەیە ، بۆیە چاوەکان لەسەر ئەو ناوچەیەیە و ، ئەوانیش چاوەڕێی زستانێکی دیکەی جیاوازن نەک لەسەرئاستی کەشوهەوا و ، نە لەسەرئاستی ووزەش و ، لەسەرئاستی ئابووریش نا ، بەڵکو لەسەرئاستی بەستنی هاوپەیمانێتی نوێ لەسەر بنچینەی مامڵەکردنێکی باش بۆ دۆخە نوێیەکە و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش ، من پێم وایە کە ئەو بایەخەی کە ئێستا بە هەرێمی کوردستان دەدرێت هەمووی دەچنەوە سەر ئەوەی کە باسمانکرد ، ئێستا کاتیەتی ئەم پرسیارە بکەین : ئەگەر هەرێمی کوردستان ووزەی خۆی دەرنەهێنابا ئەو بایەخەی پێدەدرا!! کە دەریهێنا و تەسلیمی ئەو بەناو دەوڵەتی عێراقەی کردبا ئەو حسابەی ئێستای بۆ دەکرا؟!.
ئاشکرایە کە بەریتانیا هەر لەدروستکردنی دەوڵەتی عیراقەوە تا دەگاتە «16»ی ئۆکتۆبەر کە هەر دوای ئەو ڕووداوە کۆمپانیای بریتش پیترۆلیۆم هاتە کەرکوک و کێلگە نەوتیەکان ، لەمیانی ئەو مێژووەدا لە چەندین وێستگەی جاوازدا یادەوەری تاڵ و ناخۆشمان لەگەڵ بەریتانیادا هەیە ، بەڵام بەداوەتکردنی سەرۆکی هەرێمی کورستان بۆ ماڵئاواییکردنی شاژنی سەدە ئیلیزابیسی دووەم لەنێو «500 » کەسی بەهیز لە پادشا و ئەمیر و سەرەک وەزیرانی «200 » وڵاتی سەرانسەری جیهانیدا  ، گوزارشتە لە پێداچوونەوە و بایەخی  ووزەی کوردستان لەکن ئەوان و وڵاتەیەکگرتووەکان کە ببینە هاوبەشێکی ستراتیژی لەگەڵ ئەواندا و ، هەر بۆ هەمان مەبەست لەم ڕۆژانەی ڕابردوو بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری ئەمەریکا ئیمزاکرا کە « 4» ساڵ لە پارە و پڕچەکردنی پێشمەرگە و مەشقپێکردنیان بەردەوام دەبێت ، کە ئەمەش گوزارشتە لە دۆستایەتی و هاوبەشی ستراتیژی بۆ دروستکردنی هیزێکی تۆکمەی نیشتیمانیی بۆ هێنانەکایەی کوردستانێکی بەهێز ، کە پێویستی بە سوپایەکی نیشتیمانیی بەهێز هەیە بیپارێزێت لە دوژمنانی ژیان.
ئێستا دۆخێکی خەراپ لە ڕووی ئابووری و ووزەوە بەرۆکی جیهانی گرتووە و ، کوردستانیش وەک بەشێکی نەخشەی ووزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا  پشکێکی لە دوا کانەکانی  ووزەی بەردەکەوێت و وڵاتان چاویان تێبڕیووە ، باشترین دەرفەتە بۆ  بەخۆداچوونەوەی  هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و دەسەڵات کە هەنگاوی جدی و دڵخۆشکەر نەک هەر لە بواری پێشمەرگە بەڵکو لە مەنزومەی فێرکردن و خوێندن«نەک زانکۆ بکرێتە کارگەی دروستکردنه بڕوانامە» و یەک سیستەمی ئاسایش و سیستەمێکی بەهێزی ئابووری و دارایی بۆ بەهێزکردنی کوردستان و خزمەتی کردنی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیووە بهاوێن و ، متمانەی میلەتەکەیان بۆ خۆیان بگەڕێننەوە کە ماوەیەکە لەدەستیان داوە.