ئێران لەڕێگه‌ی عێراقەوە پەیامی ئەمریکای بەدەستده‌گات

عیراق

01/10/2022‌ 10528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، هاوتا عێراقییەکەی پەیامێکی ئەمریکای گەیاندۆتە دەستیان کە پەیوەندیی بەزیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی‌و پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکەوە هەبوە.


ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێرانی (ئیرنا) ئاشكرایكرد، "لەچەند مانگی ڕابردودا وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێک پەیامی ئەمریکایان بۆ گواستینه‌وه‌، هەروەک بەپێچەوانەشەوە پەیامی ئێمه‌شیان گەیاندۆتە ئەمریکا، لەو نێوەندەشدا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیامێکی ئەمریکای گەیانده‌ دەستی بەرپرسانی تاران".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، ئێستا لەقۆناغێکدان لەویلایەتە یەکگرتووەکان باس لەنیەت باشیی دەکات‌و ئیرادەی پێویستیشیان هەیە بۆئەوەی لەبارەی دۆسیەی ناوەکیی ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام وتویه‌تى:"ئێران دەیەوێت ئەو نیەت باشییە لەواقیعدا بەرجەستە ببێت‌و تەنها قسەکردن نەبێت".

بەوتەی عەبدوڵلاهیان، بەمیدیاکانی ئەمریکاو فوئاد حوسێنیشی ڕاگەیاندوە، پەیامەکەی ئەمریکای هەڵگرتوە، بەوەی ناکرێت ئەمریکا لەلایەکەوە باس لەڕێککەوتنەکە بکات‌و لەلایەکی تریشەوە باس لەوەبکات کە ڕێککەوتن‌و ئاسایشی هەرێمی دوو بابەتی گرنگن.