كۆیە.. قوربانی نێوان دوو ئیدارە و دوو حزب

ڕاپۆرت

20/10/2022‌ 635 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

هەڵكەوتەی جوگرافی قەزای كۆییە، شارەكەی كردووە بە قوربانی نێوان یەكێتی و پارتی و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە هەولێرە، بەڵام لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدایە، هاوڵاتیانی قەزاکە دەڵین: شارەكەیان سزای سیاسی لەسەرە و کەوتۆتە نێوان دوو ئیدارەوە بۆیە نازانین هانا بۆکوێ بەرین .


قەزای کۆیە  مێژووی دروست بوونەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕیتەوە،،کۆنترین قەزای کوردستانە و لە ساڵی 1918 کراوە بە قەزا هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی وایە دەکەوێتە نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانیەوە.

مام نامیق پیاوێکی بەتەمەنی کۆییە،ئەو ئاشنای کێشەکانی شارەکەیەتی زۆربەی ئیواران دێتە باخچەی شەهیدان لەگەڵ هاوڕێکانی، بۆ گفتوگۆیەکی زەمەنی جارانیان و  دەڵێت لە مێژە کۆیە بووە بە قوربانی و کەس گوێ خەڵکەکەی ناگرێت.

ئەگەر گوزەرێک بە نێو کوچە و کۆڵانەکانی قەزای کۆیەدا بکەی دەبینیت ئەم شارە چەند بێ خزمەتە،کۆڵانی بەرتەسک و گەڕەکی بێ نەخشە دەبینی، ئەو زیادەڕۆیانەی کە کراون لە ڕابردوودا ئێستا بە تەواوی ئاساوەرەکەی دەرکەوتووە و سیمای شارەکەی تێکداوە.

قەزای کۆیە پێویستی بە چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری هەیە ئەگەرچی دیارترین ئەو پرۆژانەی پێویستە بۆ ئەم شارە پاش دانانی بەردی بناغە و دیاری کردنی کات و تێچووە کە ی کار کردن تێدا وەستاوە. 

هاوڵاتیانی قەزاکە دەڵین ئەم شارە سزای سیاسی لەسەرە و کەوتۆتە نێوان دوو ئیدارەوە بۆیە نازانین هانا بۆکوێ بەرین و ڕوو لە کام شوێن بکەین بۆ چارەسەر کردنی کیشەکانمان.

گەنجان لەم قەزایەدا تاقەتیان پڕوکاوە هەموو توانا  جەستەی و فکریەکانیان بەردەوام لە ناو دەچن،چونکە لێرە دەستگەوتنی هەلی کار زۆر قورسە، دامەزراندن لە کەرتی گشتی نیە و پرۆژەیەکی ئەوتۆی کەرتی تایبەتیش نیە تاوەکو گەنجان بتوانن خزمەت بکەن و کاری تیدا بکەن.

قەزای کۆیە بە شاری شوێنەوار و کەسایەتیە گرنگەکان ناسراوە شوێنی لەدایکبوونی چەندین زانا و کەسایەتی و شاعیری بەناوبانگە،هاوکات دیوارێک بووە بۆ کۆتای هێنان بە دوو بەرەکی و شەڕی براکوژی، بەڵام بەراورد بەو خەباتەی ئاوڕی لێ نەداروەتەوە و چارەنووسی لە نێوان ئەو دوو ئیدارەدا بە نادیارەی ماوەتەوە.