درۆنی ئێرانی .. چەکە "هەرزانەکەی"ی ڕوسیا دژی ناتۆ

ڕاپۆرت

23/10/2022‌ 1205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوو هەفتەی ڕابردودا لەشەڕی ئۆکرانیادا گوێبیستی ناوی درۆنێکی جەنگی نوێبوین بەناوی "کامیکازی"، ئەم درۆنە له‌ئێران لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێرانی بەناوی "هیسا"وە دروستکراوەو لەئێران ناوی "شەهید 136"ی لێنراوە. لەمانگی هەشتی ئه‌مساڵدا یەکەمین کاروانی بارهەڵگری کەشتی لەئێرانەوە ڕەوانەی ڕوسیا کرا کە باری کەشتیکە پڕبوو لەمجۆرە درۆنە کە ناوی "کامیکازیە". ڕوسەکان ناوی درۆنی شەهید-136یان کردوە بە"کامیکازی"و بۆ ئەمەش هۆکاری خۆیان هەیە.


کامیکازی وشەیەکی ژاپۆنیە بەواتای "هەوای پیرۆز یان هەوای خودایی"، لەجەنگی دوەمی جیهانیدا فڕۆکەوانە جەنگاوەرەکانی ژاپۆن کاتێک دەچون بۆ بۆردومانکردنی ئامانجەکانی دوژمن، فڕۆکەکەشیان پڕدەکرد لەتەقەمەنی بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بدەن لەدوژمن‌و خۆیان بتەقێنەوە بەپێگه‌كانى دوژمندا، واتا دوو ئەرکیان لەیەککاتدا ئەنجامدەدا، لەلایەک ئەرکی بۆردومانی پێگەکانی دوژمنیان دەکردو لەلایەکی تریش دوای تەواوکردنی ئەرکی بۆردمانکردن، خۆیان لەپێناو وڵات دەکردە قوربانی‌و خۆیان بەفڕۆکەکانەوە دەتەقاندەوە بەپێگەکانی دوژمندا.

فڕۆکەی کامیکازیش دەتوانێت بۆردومان بکات‌و دوای تەواوکردنی بۆردومان، دەکرێت بگەڕێتەوە تێرمێناڵەکەی خۆی یاخود خۆی بتەقێنێتەوە بەپێگەیەکی دوژمندا.

ئەم درۆنە لەتوانایدایە بەخێرایەکی زۆرەوە لەئاستی بەرزو نزم بفڕێت‌و بەهیچ جۆرێک لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریەوە نادۆزرێتەوە، خێرایی تۆمارکراوی ئەم درۆنە 185 کیلۆمەترە لەیەک کاتژمێردا، کێشەکەی 200 کیلۆو نوکەڕومی درۆنەکە گولە تۆپێکی بۆشی تێدایە کە دەتوانێت 36 کیلۆ تەقەمەنی بگرێت، واتا کردەوەیەکی خۆکوژی گەورەی پێ ئەنجامدەدرێت کاتێک لەلایەن دەوڵەتی بەکارهێنەرەوە پڕدەکرێت لەتەقەمەنی بۆ خۆتەقاندنەوە بەپێگەی دوژمندا.

ئەم درۆنە مەودایەکی دورودرێژ دەبڕێت کە خەمڵێنراوە بە2500 کیلۆمەترو درێژی درۆنەکە سێ مەترو نیوەو باڵەکانیشی دوو مەترو نیو پانن.

درۆنەکە لەسەر سەکۆیەکی تایبەت دادەنرێت‌و هەڵدەدرێت‌و بەسیستەمێکی جی پی ئێسی کۆکەرەوەی زانیاری‌و نەخشەسازیی‌و هەروەها بەکامێرایەکی کوالێتی بەرزەوە ڕوماڵ دەکات‌و بە تێرمیناڵی تایبەتی خۆیەوە دەبەسترێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێکانی ئامانجە باڵاکان نەبێت ئەم درۆنە بەکارناهێنت، بەڵام زۆرجار بەشێوەیەکی شاراوە چەند دانەیەک دەبەخشێتە میلیشیاو هێزەکانی ژێر دەستی خۆی، بۆکردنە ئامانجی دەوڵەتە نه‌یارەکانی، بۆ نمونە حوسیەکان هەرکاتێک بیرە نەوتیەکانی سعودیە بکەنە ئامانج ئەوا دەست بۆ ئەمجۆرە درۆنە دەبەن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەیان، زۆرینەی پێگەکانی ئەمریکاش لەسوریا بەم درۆنە دەکرێنە ئامانج.

نرخی هەردانەیەک لەم درۆنە دەکاتە 20 هه‌زار دۆلار کە ئەمەش نرخێکی گونجاوە بۆ دەوڵەتان گەر بیانەوێت بیکڕن، لەکاتێکدا یەک موشەکی ژێر دەریایی نرخەکەی دەگاتە یەک ملیۆن دۆلار، موشەکی ژێر دەریایی سەرە کڵاوەکەی 400 کیلۆ تەقەمەنی هەڵدەگرێت، بەڵام سەرەکڵاوی ئەم درۆنە 50 کیلۆ تەقەمەنی تێدەکرێت، هەر ئەوەش هۆکاری گرانیی موشەکە ژێر دەریاییەکەیە.

ئەوەی وایکردوە ئەم درۆنە لەموشەکی ژێر دەریایی بەبایەختربێت ئەوەیە کە درۆنی کامیکازی دەتوانێت ببێتە هەواڵگرێکی زۆرباش، وێنە تۆماربکات‌و ڕاستەوخۆ بینرێتەوە بۆ بنکەو تێرمیناڵەکەی‌و دواتر یان بتەقێنرێتەوە بەپێگەی دوژمن یان بگەڕێنرێتەوە بنکەی وڵاتی بەکارهێنەر بەبێئەوەی هیچ گرفتێکی بۆ دروستبێت.

شارەزایانی بواری سەربازی ئەم درۆنە تازەیەی ئێران بەشۆڕشێکی نوێی سەربازی‌و ئاسایش ناودەبەن بۆ زاڵبون لەڕوی ئاسمانیەوە.

ئەم درۆنە بەهەڵگرتنی 30 بۆ 50 کیلۆ تەقەمەنی لەناو کڵاوەی نوکەکەیدا، دەتوانێت کۆی وێستگەی کارەبای شارێک خاپوربکات‌و دەتوانێت یەک باتری سیستەمی دژە موشەک وردو خاش بکات.

ئەگەرچی ئێران تائێستا بەفەرمی ئەوە ڕەتدەکاتەوە درۆنی دابێتە وڵاتی ڕوسیا بۆ جەنگی ئۆکرانیا، بەڵام ڕوسیا هۆکارێکی لۆجیکی هەیە بۆ بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی، چونکە ئەمریکاو فەرەنساو چەند دەوڵەتێکی تر، سیستەمی بەرگری دژەموشەکیان داوە بەئۆکرانیاو بەمەش ئۆکرانیا توانیویەتی بەرگریەکی باش بکات لەبەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ڕوسیادا.

بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان، (ئەمریکا، کەنەدا، تورکیا، ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەڵمانیاو فەرەنسا) زیاتر لە32 جۆر چەکیان داوەتە ئۆکرانیا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕوسیا، ڕوسیا دەتوانێت هەر چەند درۆنێک لەم هه‌زار درۆنە بەکاربهێنت بۆ تێکشاندنی کۆی چەکە ڕۆژئاوایەکان بەئۆکرانیا بەتێچویەکی کەمەوەو لەکاتێکی کەمدا.

ئۆکرانیا نازانێت لەئێستادا چۆن سیستەمە دژە موشەکیەکانی ڕۆژئاوا لەدرۆنی ئێرانی بەدەست ڕوسەکان بشارێتەوە، چونکە درۆنەکە لۆکەشینەکە ئاشکرادەکات‌و تێکیدەشکێنێت لەڕێگای هەوڵێکەوە بێت یان چەند هەوڵێک، لەکاتێکدا دەوڵەتانی ڕۆژئاوا چەندیان پێکرابێت سیستەمی موشەکیانداوە بەئۆکرانیا، بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای سیستەمی دژە موشەکی تر دەکات، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕونە کە چۆن ئەم درۆنانە ئەو سیستەمە دژە موشەکیانە دەشکێنێت.

ئەوە شتێکی ڕونە، لەئێستدا ڕوسیا شەڕی کۆی "ناتۆ" دەکات بەیەک ستراتیژی سەربازی، ئەویش کڕینی درۆنێکی هەرزانی ئێرانییە!، چاودێرانی نێودەوڵەتی پێیانوایە، ئۆکرانیا تەنها گۆرەپانی شەڕەکەیە، لایەنی بەرامبەر، ڕوسیاو ناتۆیە نەک ئۆکرانیا.