سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتى بۆ پارتى: یه‌ك كورسیشمان هه‌بێت هه‌ر یه‌كێتین

کوردستان

10/11/2022‌ 5155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەم کابینەیەی حکومەت خراپترین کابینەو حكومه‌تێكی پۆلیسییه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش په‌نا بۆ دوو ئیداره‌یی نابه‌ین"، ده‌شڵێت:"نیگەرانیەکانی ئێمە لەپارتی هی ئەمڕۆو دوێنی نین، ناشمانەوێت مێژوی ڕابردوو لەگەڵ پارتی دوبارەببێتەوە".


حاجی مه‌سیفی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ میدیاى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "یەکێتی پارویه‌كى ئاسان نییە بیخۆن، کەس ناتوانێت هێز بەرامبەری بجوڵێنێت، پێویسته‌ ئه‌وه‌ش ڕون بێت، ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسى په‌رله‌مانیشمان هه‌بێت، ئێمە هه‌ر یەکێتین".

سه‌باره‌ت به‌نیگه‌رانیه‌كانى پارتى له‌یه‌كێتى له‌باره‌ى ئه‌دهه‌م بارزانیه‌وه‌، حاجى مه‌سیفى وتى:"ئەدهەم بارزانی وەک کەسایەتی لەسلێمانیە، ئێمه‌ هێزو پارەمان پێی نەداوە".

ئه‌و سه‌ركردایه‌تیه‌ى یه‌كێتى باسى ئه‌م كابینه‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئەم کابینەیەی حکومەت خراپترین کابینە‌و حكومه‌تێكی پۆلیسییه‌، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، وەک یەکێتی پەنا بۆ دوو ئیدارەیی نابەین".

له‌باره‌ى كه‌یسى تیرۆركردنى هاوكار جاف-یشه‌وه‌، حاجى مه‌سیفى پێیوایه‌، لەو دۆسێیه‌دا پارتى یەکلایەنە بڕیاریدا.

هه‌روه‌ك باسى له‌وه‌شكرد، "ئەوانەی دەچنە ناوە پارتیەوە دواتر لەدژی حزبەکانی پێشویان بەکاردەهێنرێنه‌وه‌و نیگەرانیەکانی ئێمەش لەپارتی، هی ئەمڕۆو دوێنێ نین، ناشمانەوێت مێژوی ڕابردوو لەگەڵ پارتی دوبارەببێتەوە".

ش.هـ