شارپرێس:
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی i24newsی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، دیبلۆماسییەتی عێراق لەسەر بنەمای دروستکردنی پەیوەندیی بەهێزە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان، هەروەک ڕەتیشیکردۆتەوە حکومەتی عێراق لایەنگری ئێران بێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵە ئیسرائیلییەکە لەپەراوێزی کارەکانی کۆڕبەندی دانوستانی مەنامەی پایتەختی بەحرهین کە لەبارەی چارەسەرکردنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچون ڕایگەیاند، چارەسەرکردنی دۆزی فەڵەستین ڕۆڵی دەبێت لەبەهێزکردنی ئاسایشو سەقامگیریی لەناوچەکەدا، هەروەک ئەوە سەبارەت بەقەیرانەکانی یەمەنو لیبیاش هەر ڕاستە.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا فوئاد حوسێن وتویەتی:"حکومەتی عێراق ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی عێراقیهو ئەو بانگەشانەش ڕاست نین کە دەڵێن حکومەتی عێراق پاشکۆی ئێرانە.
جەختیشیکردۆتەوە، قسەکردن لەبارەی پاشکۆیەتیی حکومەتی عێراق بۆ ئێران قسەیەکی نادادپەروەرانەیە.
هەروەک جەختی لەوەکردۆتهوه، هەوڵەکانی عێراق بەردەوامە بۆسەرپەرشتیکردنی دیالۆگ لەنێوان ئێرانو سعودیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوو وڵات خواستی درێژەدان بەدیالۆگەکەیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناڕەزایەتییەکان لەئێران ڕەهەندێکی ناوچەییان هەیەو دەتوانێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ئێران دەبێت.