بافڵ تاڵەبانی هێرشی توند دەكاتە سەر حكومەتی هەرێم

کوردستان

21/11/2022‌ 10404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس

لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەکات، بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاوڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق كۆبویەوە و و بافڵ تاڵەبانی جەختیكردەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

وەك لە ڕاگەیەنندراوی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی دا هاتووە: ئەزموونی حوکمڕانی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری گفتوگۆکان بوو، بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی و خراپیی دۆخی هاوڵاتییانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە.

هەروەها رایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان دەکات و وتی: بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاوڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاوڵاتی پلەدوو سەیربکرێت، گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر و وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت.

هەروەها وتیشی: ئێمە داوامانکردووە هەر رێکارێکی یاسایی یاخود سیستمێکی جیهانی کە هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی دادگەرانە، لێرە جێبەجێبکرێت تاوەکو هەموو هاوڵاتییانی هەرێم سوودمەندبن.

س.س

بەپەلە