سودانى له‌سلێمانیه‌وه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ى حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات‌و په‌كه‌كه‌ ده‌كات

کوردستان

15/03/2023‌ 5072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق په‌یامێك ئاراسته‌ى حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان‌و پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌)ش ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕێگەنادەین خاکی عێراق ببێتە مایەی ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێمان"، له‌په‌یامێكیشدا بۆ حزبه‌كانى هه‌رێم ده‌ڵێت:"یه‌كڕیزبن بۆ ئه‌وه‌ى ھەرێمێكى بەھێزمان هه‌بێت".


له‌حه‌وته‌مین دیدارى سلێمانى له‌زانكۆى ئه‌مریكى، محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك هه‌ڵوه‌سته‌ى كردو سه‌ره‌تا ڕایگه‌یاند، "ئێمە ئێستا لەسەروبەندی یادێكی کارەساتبارداین کە یادی کیمیابارانی ھەڵەبجەیە، دیاری ئێمە بۆ ھەڵەبجەییەکان بڕیاری بەپارێزگابونی بوو کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش بڕیارەکەماندا".

په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى سه‌ركرده‌و حزبه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردو ڕایگه‌یاند، "دەبێت ھەرێمی کوردستان بەھێزبێت بۆ ئەوه‌ى عێراق بەھێزبێت‌و عێراقیش بەھێزبێت ھەرێم بەھێز دەبێت".

ئه‌وه‌شى وت:"په‌یامیشمان بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌و سه‌ركرده‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزبن‌و ناكۆكیه‌كان وه‌لا بنێن".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌ى وشكردنى ڕوبارى سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان له‌لایه‌ن توركیاو ئێرانه‌وه‌، سودانى وتى:"هیوادارین ڕێز له‌دراوسێیه‌تى بگیرێت‌و هیچ بیانویه‌ك نه‌هێندرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رگیز ڕێگه‌ناده‌ین خاكى عێراق دژى وڵاتانى دراوسێمان به‌كاربهێندرێت‌و چاوه‌ڕوانیشمان ئه‌وه‌یه‌ سه‌روه‌رى ئێمه‌ش له‌لایه‌ن وڵاتانى دراوسێوه‌ پارێزراوبێت".

په‌یامێكی ناڕاسته‌وخۆشى ئاراسته‌ى حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات‌و په‌كه‌كه‌ كردو ڕایگه‌یاند، "ڕێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە مایەی ھەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێمان".