نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دەربارەی عەفرین وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە

کوردستان

12/08/2023‌ 1190 جار خوێندراوه‌ته‌وه




شارپرێس- كەنداڵ جودی:

نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات مەسەدە لە ئەمریكا وەڵامی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای دایەوە و دەڵێت: ئەوەی ئێستا لە عەفرین ڕوودەدات گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی بە ئەنقەستە كە لە لایەن توركیا و بە پاڵپشتی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامی دەدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە نیشتەجێكردنی هەزاران خەڵكی سوریا لەلایەن توركیاوە لە عەفرین وەك گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی نابینن.

سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ئەمریكا لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ شارپرێس رایگەیاند "بۆ هەموو لایەك ڕوونە ئەو پێشێلكاریانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن هێشتا بەردەوامن، ئەوەش بۆ ئەوەی كورد لە عەفرینەوە كۆچ بكات ".

سەبارەت بەلێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە دەڵێت هیچ گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی لە عەفرین نییە، سینەم محەمەد دەڵێت: "گۆڕانكاری دیمۆگرافی بە ئەنقەست لە عەفرین ڕوودەدات. لەوێ دەوڵەتی توركیا و گرووپەكانی دەست بەسەر موڵك و ماڵی كورددا دەگرن و لە شوێنی ئەوان كەسانی پارێزگاكانی دیكەی سوریا جێگیر دەكرێن، بە واتایەكی تر ئەمە گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافیای بە ئەنقەستە كە لەلایەن توركیاوە ئەنجام دەدرێت  بە پشتیوانی ئەو ڕێكخراوانەی نزیكن لە ئیخوان موسلیمینەوە لە ژێر ناوی دابینكردنی پێداویستییە مرۆییەكان."

نوێنەری مەسەدە سەرنجی بۆ ئەو ڕێكخراوانە ڕاكێشا كە گوایە لەژێر ناوی مرۆڤایەتی كار دەكەن، دەڵێت "ئەم ڕێكخراوە بەناو مرۆڤدۆستانە خەریكی دروستكردنی بینای نوێن لەسەر خاكی كوردانی عەفرین دوای بڕینی زەیتون‌و دارەكانی تر‌و كەسانی دیكە دەخەنە ناو ئەو بینایانەوە".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدات، بە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا گوتراوە و بەڵگەیان لەسەر كراوە؟ سینەم محەمەد رایگەیاند "ئێمە وەك نوێنەری مەسەدە لە واشنتنین، ئەوەی توركیا و گرووپە چەكدارەكان دەیكەن دۆكیۆمێنتمان كردووە‌و دەگەیەنرێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان و ئیدارەی ئەمریكا. داوامان كرد ئەوەی ڕوودەدات لەلایەن لیژنە تایبەتەكانی پەیوەست بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، بە مەبەستی وەستاندنی ئەم پێشێلكارییانە لەلایەن توركیاوە".