ماڵپەڕی THE NEW ARAB: شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری تۆمەتی ساختەیان رووبەڕووكراوەتەوە

کوردستان

29/08/2023‌ 1561 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ماڵپەڕی THE NEW ARAB ی قەتەری لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان تۆمەتی ساختەیان رووبەڕووی هەردوو رۆژنامەوان شێروان شێروانی و گۆهدار زێباریكردووە.

ماڵپەڕەكە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات "ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەزوویی دوو ڕۆژنامەنووسی كورد ئازاد بكەن كە لە ئۆكتۆبەری 2020ەوە دوای دادگاییكردنی نادادپەروەرانە زیندانی كراون و ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی ساختەی نوێ دەبنەوە".

هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە "رۆژنامەنووسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2020ەوە لە هەرێمی كوردستان لە دوای دادگاییكردنی نادادپەروەرانە زیندانیكراون‌و،  ئێستا ڕووبەڕووی تۆمەتی ساختەی نوێ بوونەتەوە. بڕیاربوو لە 16ی ئابدا گوهدار زێباری ئازاد بكرێت، بەڵام ئاگاداركرایەوە، كە بە تاوانێكی دیكە تۆمەتبار كراوە".

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە 24ی ئاب لە نامەیەكدا ڕایگەیاندووە "بڕیاربوو لە 9ی ئەیلولدا شێروان شێروانی ئازادبكرێت، بەڵام لە 20ی تەمموزدا دادگا سزای چوار ساڵی دیكەی زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند، دەبێت بەزوویی زێباری و شێروانی ئازادبكرێن".

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی THE NEW ARAB ، "ئەو ڕۆژنامەنووسانە كە ڕەخنەیان لە بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان لە ناوچەی نیمچە سەربەخۆی باكووری عێراق گرتبوو، لە مانگی شوباتی ٢٠٢١دا بە تۆمەتی خستنە مەترسی ئاسایشی نیشتمانییەوە سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە".