كودەتاكانی ئەفریقا شەڕی چین و روسیا لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا گەرمدەكەن

ڕاپۆرت

30/08/2023‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئەو وڵاتانەی لە كیشوەری ئەفریقا كودەتا بەخۆوە دەبینن ئەوانەن كە رۆڵی ئەوروپی و ئەمریكییەكان تێیاندا زۆرە، بۆیە ئەو وڵاتانە لە پێشیانەوە فەڕەنسا داوا دەكەن بەزوویی كودەتاچییەكان دەسەڵات رادەستبكەنەوە، بەڵام هاتنەناوەوەی روسیا و چین بۆ نێو ململانێكە هێندەی دیكە رەوشەكەی ئاڵۆزتركردووە.

ئەو وڵاتانەی ئەفریقا كە رووبەڕووی كودەتا سەربازییەكانی ئەم دواییە بوونەوە،  ئەو وڵاتانەن پێشتر لەژێردەستی فەرەنسادابوون و ئێستاش رۆڵی بەسەریانەوە هەیە، بۆیە بەتوندی دژی كودەتاچییەكان راوەستاوە.

هاتنە ناوەوەی یاریزانە نوێیەكان بۆ ناو گۆڕەپانەكە كە كێبڕكێ لەسەر ئەفریقا دەكەن، وەك چین و ڕووسیا، بووەبەهۆی دروستكردنی جەمسەرگیری جیۆپۆلەتیكی چڕ لە كیشوەرەكەدا.

ئەو هێزە نوێیانەی دێنە سەر دەسەڵات دژایەتی تووندی فەڕەنسا و ئەوروپا و خۆرئاوا دەكەن، تەنانەت ناڕەزایەتی جەماوەریشییان لەدژ بەرپادەكەن.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە گوتارێكدا باسی لەوەكردووە، شكستهێنانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەوروپا لە وەڵامدانەوەی خواستەكانی وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا، ڕێگەی بە ڕووسیا و چین داوە بچنە ناو ئەفریقییەكانەوە‌و ببنە جێگرەوەیەكی نوێی رۆژئاواو كێبڕكێ بكەن.

فرانسوا بێرد، نووسەری گوتارەكەی رۆژنامە ئەمریكییەكەیە، دەڵێت: دوای جەنگی سارد، زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا بەرەو ڕۆژئاواییەكان ڕۆیشتن، بەڵام ئەم پێشكەوتنە ئێستا لە مەترسیدایە، چونكە داڕێژەرانی سیاسەت لە ئەمریكا و ئەوروپا گرنگییان بەوە نەدا كە هاوسەنگی هێز گۆڕاوە لە  ڕێگای چین و بلۆكی بریكسەوە."

ئەمڕۆ چوارشەممە گابۆن پەیوەندی بە لیستی ئەو وڵاتانەی ئەفریقاوە كرد كە لەم دواییانەدا كودەتای سەربازییان تێدا رووداوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەكانی پاسەوانی سەرۆكایەتی و سوپا و پۆلیس كۆنترۆڵی دەسەڵاتیان كرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیان دا، هەروەها عەلی بۆنگۆ سەرۆكی وڵاتیان دەستگیركرد كە براوەی دواین هەڵبژاردن بوو بۆ خولی سێهەم.
 
ئەم ڕووداوانە دوای چەند هەفتەیەك لە كودەتاكەی نیجەر دێت كە تێیدا سوپا سەركەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی محەمەد بازوم سەرۆك كۆمار و ڕاگرتنی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی.

كودەتاكەی ئەمڕۆی گابۆن لە پێوەندی بە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكە دێت لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، كە لە كەشوهەوایەكی گوماناویدا عەلی بۆنگۆ زۆرینەی دەنگەكانی هێنا و بە ئەنجامدانی ساختەكاری تۆمەتباری بكەن.

لە ساڵی ٢٠١٢ەوە كیشوەری ئەفریقا دەیان كودەتا و هەوڵی كودەتای بەخۆیەوە بینیوە و ناوچەی ڕۆژئاوای كیشوەری رەش پێشەنگی مێژوویی لەم ڕووداوانەدا بووە.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، تەنیا ناوچەی كەناراوەكان لانیكەم  ٧ كودەتای بەخۆیەوە بینیوە‌و پێش كودەتاكەی نیجەر لە ٢٨ی تەمموز، مالی دوو كودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینی، یەكەمیان لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ و دووەمیان لە مانگی ئایاری ٢٠٢١.

هەروەها لە بوركینا فاسۆش لە ساڵی ٢٠٢٢دا دوو كودەتا ڕوویاندا، لە گینیاش لە مانگی ئەیلولی 2021دا كودەتایەكی سەربازی ڕوویدا ‌و هەمان ساڵ ئیدریس دێبی سەرۆكی چاد لەلایەن یاخیبووانەوە كوژرا.