شارپرێس:
گۆڤاری "ئاپۆتێیکن ئەمشاو"ی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە، هۆکارەکانی قەڵەویی منداڵان لەخۆراکی ناتەندروستدایە، واتە زیادەڕۆیی لەبەکاربردنی شەکرو چەوریی، کەم جوڵەیی، ئەوە جگەلەوەی هۆکاری بۆماوەییش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.
گۆڤارە تایبەتمەندەکە بەکاروباری تەندروستیی ئاماژەی بەوەشکردوە، قەڵەویی منداڵ ڕەنگە لێکەوتەی مەترسیداریی هەبێت، بەوپێیەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشیی شەکرە، چەوریی جگەر، بەرزیی پەستانی خوێن، تێکچونی میتابۆلیزمی چەوریی، نەخۆشییەکانی گورچیلەی لێدەکەوێتەوە، ئەوە جگە لەکێشەی جومگەکانو شێواویی جەستە.
باسی لەوەشکردوە، هەروەک ئەو منداڵانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، ئەگەری توشبونیان بەنەخۆشییە دەرونییەکانی وەک خەمۆکی زیاترە، ئەمەش بەهۆی گاڵتەپێکردنو قسەی بریندارکەرەوە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەڵەویی، پێویستە سیستەمێکی خۆراکیی تەندروست لەسەر بنەمای خواردنی بڕێکی زۆر سەوزەو میوەو بەرهەمە دانەوێڵەییەکان پەیڕەوبکرێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی شەکرو چەورییو دورکەوتنەوە لەخواردنە خێراکانو خواردنە ئامادەکراوەکان، هەروەک مەشقی وەرزشییو چالاکیی جوڵەییو دانەنیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر بهدیار شاشەی تەلەفزیۆنو کۆمپیوتەرو ئامێرەکانی یاریکردن.
و: ئاکۆ ئاڵی
