شارپرێس:
ڕۆژنامهیهكى ئەمریکی بڵاویكردۆتهوه هیچ ئاماژەیەک نییە عێراق پابەندی ئەو ماوەیە بێت کە ئێران بۆ چەککردنی هێزە کوردییەکان دایناوە، دهشڵێت، ئێرانو تورکیا دەیان ساڵە خۆیان ناتوانن ڕێگریی لەشەڕڤانانی کورد بکەن كه چالاكیهكانیان بوهستێنن، چۆن عێراق دهتوانێت ئهوكاره بكات.
ڕۆژنامەی "زە کڕیادڵ"ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی "هیچ ئاماژەیەک نییە عێراق پابەندی ئەو وادەیە بێت کە ئێران بۆ چەککردنی هێزە کوردییە بەرەڵستکارەکان دایناوە" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا دەڵێت؛ لەسەر ئەرزی واقیع هیچ ئاماژەیە نییە پیشانی بدات عێراق دەستی کردبێت بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران بۆ چەککردنی گروپە چەکدارییە کوردییەکان، کەبەپێی ئەوە دەبێت لە 19ی ئەم مانگەدا پڕۆسەکە تەواوبێت.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، بەرپرسانی پێشمەرگە بەڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندوە، جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێران ئەستەمە، بەتایبەت کە کەمپەکانی داڵدەدانی هێزه کوردیەکانی بەرهەڵستکاری ئێران کە لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقیدا دەبن هێشتا دروستنەکراون، هەروەها دانوستان لەنێوان بەرپرسە ئەمنییە عێراقییو کوردییو ئێرانییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هەیە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێران نەرمی نیشان ناداتو بەئاشکرا هەڕەشەی دەستێوەردانی زەمینیو تۆپبارانکردنی پێگەکانی ناو سنوری عێراقو پشتگوێخستنی ڕێککەوتنی ئاسایشی سنوریی لەگەڵ عێراق کردوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاندوە، ڕێککەوتنەکە بەهیچ شێوەیەک درێژناکرێتەوەو بڕیارەکەش بەبەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراقو حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیهندراوە.
ڕۆژنامەی کرێدل ئاماژەی بەوەشکردوە، تائێستا ڕون نییە حکومەتی عێراق چۆن دەتوانێت بەبێ زیانێکی گەورە، هەزاران چەکداری ڕاهێنراوو ڕاهاتوو بەژینگەی شاخاویی، کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش وادەکات ڕێکەوتنی چەکداماڵینو ڕادەستکردنەوەی داواکراوان دوربێت لەواقیع، بەتایبەت کە ئێرانو تورکیا دەیان ساڵە خۆیان ناتوانن ڕێگریی لەشەڕڤانانی کورد بکەن لەناو خاکەکانیاندا چالاکیی بکەن، کەواتە عێراق چۆن لەکەمتر لەمانگێکدا ئەوکارە دەکات؟.
