شارپرێس:
بەشێک لە چاودێران دەڵێن بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا تاراددەیەک پەیوەندیی بە سەردانەکەی ئەلیزابێس ڕۆزنبێرگی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ عێراق و ترسیی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقیی و کەمبوونەوەی زیاتری خستنەڕووی دۆلارەوە هەیە، بەتایبەت لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئاژانسی رۆیتەرز لەوبارەیەوە هۆشدایی دابوو.
لەبەرانبەردا، نەبیل تەمیمی شارەزای ئابووریی و دارایی عێراقیی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندووە "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانەکەی بەرپرسەکەی ئەمریکاوە نییە بۆ عێراق".
ئەو شارەزا ئابووریی و داراییەی عێراق دەڵێت: بەڵکو ئەو سەردانەکەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتدایە بۆ بەکارهێنانی دراوەکانی وەک (یوان، درهەمی ئیماراتی و یۆرۆ) بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران و تورکیا، و کارکردنی حکومەت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وردبینی دارایی نێودەوڵەتی یوەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە کۆنترۆڵی فیدراڵیی و فەرمانگەی (OFAC) ی ئەمریکا لەسەرحەواڵەکان".
ئەو دەڵێت: کێشەی عێراق ئەوەیە بازرگانیی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات و کۆمپانیا دەکات کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە، وەک ئێران، بەشێک لە کۆمپانیا تورکییەکان، سوریا و لوبنان، ئەم مامەڵەیەش هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلارە.
دەشڵێت: ترس لە سزای گریمانەکراوی نوێ و لێکەوتەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی دۆلار، تەنیا بەهۆی شیکردنەوەی سەردانەکەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکاوە نەبووە بۆ عێراق، بەڵکو پەیوەست بووە بە راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە باسی لە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقییدا کردووە ئەگەر بێت و مەترسییە بەردەوامەکانی پەیوەست بە خراپ مامەڵەکردنی بەشێک لە بانکە بازرگانییەکان بە دۆلار چارەسەر نەکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
