شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرایکردوە،
فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (سێنتكۆم) داوای لەئەفسەرو شرۆڤەکارە
سەربازییەکانی کردوە "بیرۆکەی داهێنەرانەو نائاسایی" پێشکەشبکەن بۆ
فشارخستنەسەر ئێرانو سزادانی، ئەم هەنگاوەش بەمەبەستی هەڵسەنگاندنەوەی ستراتیژیەتی
ئێستای وڵاتەکە دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان دەریانخستوە
کە هێرشە ئاسمانییەکان بەتەنها نەیانتوانیوە ئامانجەکانی واشنتۆن بپێکن بۆ
ناچارکردنی تاران تا ڕازیبێت بەڕێککەوتنێک بهگوێرهى مەرجەکانی ئەمریکا.
"پێویستمان بەبیرۆکەیە"
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئەو تۆڕە ئەمریکییە، ئەم دەستپێشخەرییە لەڕێگەی
نامەیەکی ئەلیکترۆنییەوە (ئیمەیڵ) دەستیپێکردوە کە ئەفسەرێکی باڵای هەواڵگری لەفەرماندەیی
ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆمەڵەیەکی بەرفراوان لەئەفسەرانو شرۆڤەکارانی ناردوەو تێیدا
هاتوە، "پێویستمان بەبیرۆکەیە"، تێیدا داوایکردوە بەدوای "ڕێگەی نوێی
داهێنەرانەو نائاساییدا بگەڕێن بۆ فشارخستنەسەر ئێرانو سزادانی".
تۆڕەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە گواستویەتییەوە، کە پەنابردن بۆ ئەمجۆرە
لە"بۆچون وەرگرتنی بەکۆمەڵ" لەڕێگەی ئیمەیڵەوە، کارێکی نائاساییە لەناو
سوپای ئەمریکادا، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنێکی قوڵە بۆ ئەوەی کە بژاردە باوەکان لەژێر
سێبەری چەقبەستویی شاڵاوەکەی ئێستادا زۆر سنورداربونەتەوە.
لهوبارهیهوه کاپتن تیمۆسی هۆکینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ڕایگەیاندوه،
"فەرماندەییەکە مێژویەکی دورودرێژی هەیە لەبیرکردنەوەو کارکردن بەڕێگەی داهێنەرانە،
ئەدمیراڵ براد کوپەر پەرۆشە بۆ بیستنی ڕای ئەندامانی تیمەکەی بێگوێدانە پلەو پۆستەکانیان
بۆ گەیشتن بەبەرزترین ئاستی کارایی ئۆپەراسیۆنەکان".
هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ئەم بڕیارە دوای ئەوەدێت، دوایین
هەڵسەنگاندنەکانی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سى ئاى ئهى)و ئاژانسی هەواڵگری
بەرگریی (دیا) بەو دەرەنجامە گەیشتون کە هێرشە ئاسمانییە چڕەکان بەس نین بۆ گۆڕینی
هەڵوێستی ئێران لەدانوستانەکاندا.
لەو چوارچێوەیەدا، ژەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکە هاوبەشەکان لەبەردەم
کۆنگرێسى وڵاتهكهى دانی بەوەدانا، "هێزی ئاسمانیی سنوری خۆی هەیە"، لەکاتێکدا
هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، دامەزراوە ئەتۆمییە قایمکراوەکانی ئێران
لەقوڵایی چیاکاندان، بۆیه ناتوانرێت بەتەواوی تەنها بەچەکی باو تێکبشکێنرێن، ئەمەش
وایکردوە بژاردەی دەستێوەردانی وشکانی لەڕوی تیۆرییەوە لەسەر مێز بێت، بەڵام کارێکی
زۆر تێچودارو پڕ مەترسییە.
سێ سیناریۆ لەبەردەم ترەمپدایه
بهگوێرهى سەرچاوەکانو لەخولگەی پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا، ئیدارەی ئەمریکا تاووتوێی سێ ڕێڕەوی سەرەکی دەکات، یهكهمیان ئەنجامدانی
هێرشی سیمبولی کە دەستکەوتێکی سیاسیی بداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوەی
بتوانێت سەرکەوتن ڕابگەیەنێت.
دوهمیش، گرتنەبەری پەرەسەندنی بەرفراوانتره کە ژێرخانی ئێرانو پێگە
ستراتیژییەکان بکاتە ئامانج، ئەمەش ئەوکارە بوو کە ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی پاڵنەری
ناوبژیوانە دۆستهكانى ئهمریكاو ناوچەییەکانەوە لێی کشایەوە، هەروەها ڕوبەڕوی تێبینیو
ڕەخنەی ناوخۆیی دەبێتەوە بەهۆی ئەگەری دابەزینی توانای سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیو
بەرزبونەوەی زیانە گیانییە مەدەنیهكان.
سێیهمیش، شەڕی پەکخستنو ئاڵوگۆڕی هێرشی سنورداره، ئەم سیناریۆیە
وادەکات گەروی هورمز وەک ناوچەیەکی هەمیشەیی بهگرژیی بمێنێتەوە.
لەکاتێکدا شیکەرەوەکان پێیانوایە، گەڕانی فەرماندەییەکە بەدوای ئەوەی
کە ناویان ناوە "بیرۆکەی داهێنەرانە"، ئاماژەیە بۆ قەبارەی ئەو بنبەستو
تەنگژەیەی کە ئیدارەی ترەمپ ڕوبەڕوی بوەتەوە، کە خۆی لەنێوان دوو ئاگردا دەبینێتەوە،
ئهوانیش بەردەوامبون لەسەر فشاری سەربازییو پەکخستن یان دورکەوتنەوە لەخزانی بۆ
ناو شەڕێکی بەرفراوانتر.
