شارپرێس:
لەهۆڵو ڕێڕەوەکانی باڵەخانەی (کاپیتۆڵ)دا، لەو شوێنەی کە تێیدا شاهیدی
لوتکەی فەرمیەت، قاتو بۆینباخه گرانبەهاکانو کاتژمێری لوکس دەبین، پیاوێکی باڵابەرزو
خاوەن جەستەیەکی گەورە (باڵای نزیکەی دوو مەترە) دەبینرێت کە بلوزێکی وەرزشی کڵاودار
(هۆدی)، شۆرتێکو پێڵاوی نایکی وەرزشی پۆشیوە، ئەم پیاوە کارگوزاری باڵەخانەکە نییە،
بەڵکو جۆن فێتەرمان سیناتۆری دیموکراتەکانە لەسەر ویلایەتی پێنسلڤانیا کە سەرنجڕاکێشترینو
پڕ دەنگدانەوەترین کەسایەتی سیاسییە لەمێژوی هاوچەرخی ئەمریکادا بەهۆی شۆڕشەکەی دژی
دەرکەوتنی فەرمیی.

جۆن فێتەرمان کێیە؟ زەبەلاحەکەی چینی کرێکار
لەساڵی 1969 لەدایکبوە، سەرهڕای ئەوەی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەسیاسەتی
گشتیدا لەزانکۆی بەناوبانگی هارڤارد، بەڵام هەمیشە ژیانی سادەی هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی
ببێتە دەنگی چینی کرێکارو هەژاران، ناوبانگی سیاسیی خۆی وەک سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی
پیشەسازی بچوکی (برادۆک) لەپێنسلڤانیا دروستکرد، کە شارۆچکەیەکی هەژارو پڕ لەبێکاریی
بوو.
لەوێ، فێتەرمان چەندین تاتۆی لەسەر جەستەی کێشا کە کۆدی پۆستی شارۆچکەکەو
مێژوی ئەو ڕۆژانەی لەسەربوو کە تێیدا هاوڵاتیان بەهۆی تاوانو توندوتیژییەوە لەو
شارۆچکەیەدا کوژرابون لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا، لەڕوی سیاسییەوە سەرکەوت بۆ ئەوەی
ببێتە جێگری پارێزگاری پێنسلڤانیا، لەکاتێکدا هەمیشە هەمان شێوازی جلوبەرگە نائاساییەکەی
خۆی پاراست.
شەڕی "هۆدیەکەی" فێتەرمان؛ چۆن یاساکانی کۆنگرێسی گۆڕیی؟
لەوەتەی چوەتە ناو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (کۆنگرێس)، فێتەرمان بەتەواوی
پۆشینی قاتو بۆینباخى ڕەتکردوەتەوە، ئەو پێیوایە، جلوبەرگ سیاسەت دروستناکاتو پێویستە
سەرنج لەسەر خزمەتکردنی گەل بێت نەک شێوازی دەرکەوتنی دەرەوە.
ئەم پێداگرییەی فێتەرمان ئیدارەی ئەنجومەنی پیرانی خستە ناو بنبەستێکی
پرۆتۆکۆڵی گەورەوە، کێشەکە هێندە گەورەبوو، تاکار گەیشتە ئەوەی جاک شومەر سەرۆکی زۆرینەی
دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیران، بڕیارێکی فەرمی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای
توندی پۆشینی جلی فەرمی لەهۆڵی ئەنجومەنەکەدا کە لەمیدیاکاندا بە"یاسای فێتەرمان"
ناسرا، بۆ ئەوەی ڕێگە بەئەندامان بدرێت بەو جلانەی خۆیان ئارەزوی دەکەن، بچنە دەوامى
فهرمیى.
ئاڵنگارییە تەندروستیو مرۆییەکان
ڕێڕەوی ژیانی سیاسیی ئەو ئاسان نەبوو؛ لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنە بەهێزەکەیدا
بۆ ئەنجومەنی پیران، فێتەرمان توشی سەكتەی مێشک (جەڵتە) بوو کە خەریکبوو ژیانی کۆتایی
پێبهێنێتو بەشێوەیەکی کاتیی کاریگەری کردەسەر توانای بیستنو قسەکردنی، دواتریش بەئاشکرا
چوە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی خەمۆکی توند، ئازایەتی ئەو لەقسەکردن لەسەر
کێشە دەرونیو جەستەییەکانی لەبەردەم ڕای گشتیدا، کردیە هێمایەکی مرۆیی بۆ زۆرێک لەو
ئەمریکیانەی کە بەبێدەنگی دەناڵێنن.
فەلسەفەی سیاسیی ئەو: من نوێنەرایەتی خەڵکی ئاسایی دەکەم
پشتیوانانی فێتەرمان پێیانوایە، جلوبەرگە سادەکەی پەیامێکی سیاسی قوڵە؛
ئەو دەیەوێت بۆ دەنگدەرانی چینە زەحمەتکێشەکان بیسەلمێنێت کە کەسێک هەیە تەواو لەخۆیان
دەچێتو لەبەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتدا دانیشتوە، بەدور لەخۆپەرستیو ڕواڵەتبازی
سیاسییەکانی دیكهى واشنتۆن.
جۆن فێتەرمان وەک نمونەی ئەو سیاسییە دەمێنێتەوە کە ڕەتیکردەوە ڕوناکیو
ناوبانگی پایتەختی ئەمریکا بیگۆڕێت، بەڵکو خۆی یاساکانی پایتەختی گۆڕیی بۆ ئەوەی لەگەڵ
ناسنامە سادەکەیدا بگونجێن.