شارپرێس:
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، پێنج فەرمانبەری فەرمانگەی باجیان لەدیالە دەستگیرکردوە، کە تۆمەتبارن بەهەدەردانی دوو ملیار دینار لەسامانی گشتی، ئەویش بەهۆی وەرنەگرتنی باج لەچەند شوێنێکی بازرگانی.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لیەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە لەنوسینگەی دیالە دوای بەدواداچون و وردبینی، پێنج "خەمڵێنەر"یان لەبەڕێوەبەرایەتیی باجی پارێزگاکە دەستگیرکردوە.
ئەم فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی کەمتەرخەم بون لەوەرگرتنی بڕی دوو ملیار دینار وەک باجی داهات لەگۆڕەپانی فرۆشتنی ئاژەڵ و عەلوەی میوەو سەوزە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، رێکارەکانی دەستپاکی وایکردووە بڕی 703 ملیۆن و 403 هەزار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەرێندرێتەوە. هەروەها نیشانەی دەستبەسەرداگرتن خراوەتە سەر سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی هەشت کەسی دیکە کە پابەندی دانی باجەکانیان نەبون.
دادوەری لێکۆڵینەوەی باقوبە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاریداوە هەر پێنج فەرمانبەرەکە بەپێی مادەی 341ـی یاسای سزاکانی عێراق، کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی، رابگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.