شارپرێس:
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە
نوێیەکان پەردەیان لەسەر واقیعێکی ئاڵۆز لادا لەبارەی هۆکاری پاشەکشەکردنی دۆناڵد
ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەئەنجامدانی هێرشێکی بەربڵاو بۆسەر ئێران، بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئەم بڕیارە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی
گرنگی نێوان ترەمپو محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە هاتوە، لەکاتێکدا وڵاتانی
ناوچەکە توشی جۆرێک لەبێهیوایی بون بەهۆی نەبونی ستراتیژییەکی ڕونی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرایدەکات،
هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر تاران یەکگرتوو نییە؛ ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبی
لەڕۆژانی ڕابردودا گوشاری توندی خستوەتەسەر ترەمپ بۆ گرتنەبەری سزای توندتر، بەوپێیەی
پێیانوایە، سوپای پاسداران پاشەکشە ناکات تەنها بەکۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز یان ئەنجامدانی
ئۆپەراسیۆنی زەمینی نەبێت، لەبەرامبەردا، ئێران هۆشداریداوە کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان
شکستیانهێنا، هێرشی پێشوەختە ئەنجامدەدات.
لەلایەکی دیكهوه،
سعودیە بەتوندی داکۆکی لەهێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، محەمەد بن سەلمان لەپەیوەندییە
تەلەفۆنییەکەیدا داوای لەترەمپ کردوە ڕێگەی دیالۆگ بگرێتەبەرو داوای ڕونکردنەوەی لێکردوە
لەبارەی ستراتیژی واشنتۆن.
ئەم جیاوازیی هزرە، پێشتر
بوە هۆی دروستبونی ناکۆکییەکی دیپلۆماسی کاتێک ڕیاز ڕێگریی لەهەوڵێکی سەربازیی ئەمریکا
کرد بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، هەرچەندە دواتر پاشەکشەی لێکرد، بەڵام شوێنەواری نەرێنی
لەسەر پەیوەندییەکانی هەردولا جێهێشت.
لەنێوان ئەم توندوتیژییو
هێورکردنەوەیەدا، قەتەر وەک ناوبژیوان پێشنیازێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی جوڵەی کەشتییەکان
لەگەروی هورمز پێشکەش بەتاران کردوە، دیپلۆماتکارانی ئێرانی نیشانەی ئەرێنییان پیشانداوە
بۆ لادانی سزاکانی سەر نەوتەکەیان، بەڵام خاڵی سەرەکی ناکۆکی کێشەی تارانە کە دەیەوێت
باج یان ڕسومات بخاتەسەر ئەو کەشتیانەی لەگەروەکە تێپەڕدەبن، ئەوەش توندترین دژایەتی
لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە لێدەکرێت.
