شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی، دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد) و ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێکەوە کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی شوێنی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران.
رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە بۆ دۆزینەوەی شوێنی موجتەبا خامنەیی، ئیسرائیل و ئەمریکا هەموو فێڵێکی تەکنەلۆژیی و ئەلیکترۆنییان بەکارهێنا، لەوانە هاککردنی کامێراکانی هاتوچۆی تاران بۆ چاودێریکردنی ئۆتۆمبێلی پاسەوان و یاریدەدەرەکانی ڕێبەری پێشوو.
ئەم تەکنەلۆژیایە کە لەلایەن ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (NSA) و یەکەی 8200ی ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرا، وایکرد شوێنی وردی عەلی خامنەیی و بەرپرسە سەربازیی و هەواڵگرییە باڵاکان لەو ڕۆژەدا ئاشکرا بێت و هەموویان بکوژرێن، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، چونکە موجتەبا بە تەواوی لە تەکنەلۆژیا دوور کەوتۆتەوە و ئەمەش مۆساد و CIAی ناچار کردووە پەنا بۆ ڕێگەی کۆن ببەن.
ڕۆژنامەی تایمز دەڵێت ئێستا کلیلی دۆزینەوەی شوێنی وردی موجتەبا "هەواڵگری مرۆیی"یە (HUMINT) نەک تەکنەلۆژیای گوێگرتن و چاودێریی، پێویستە لە ڕێگەی مرۆییەوە شوێنی حەشارگەکەی بدۆزرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت یەکێک بێت لە تونێلە ژێرزەمینییەکانی تاران یان حەشارگەیەکی سەربازیی لە نزیک شاری قوم لە 90 میلی باشوری پایتەخت.
مۆساد لە ڕێگەی تۆڕی بریکارەکانی لە ناوخۆی ئێران کە زۆربەیان هاووڵاتی ئێرانی خۆیانن، کار لەسەر دۆزینەوەی وەڵامی دوو پرسیار دەکات: دۆخی تەندروستیی موجتەبا و شوێنی مانەوەی. ڕامی ئیگرا، بەرپرسێکی پێشوی مۆساد، دەڵێت ئاڵنگارییەکەی بەردەم ئیسرائیل وەک ئەو کێشەیە وایە کە لە غەززە بۆ دۆزینەوەی بارمتەکان هەیانبوو.
ئەو دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی هەموو غەززە لەژێر چاودێریی تەکنەلۆژیدا بوو، بەڵام نەتوانرا شوێنی بارمتەکان بدۆزرێتەوە چونکە پشتبەستنی زۆر بە تەکنەلۆژیا هەبوو و گرنگی پێویست بە هەواڵگریی مرۆیی نەدرابوو.
هەروەک دەڵێت: ڕەنگە موجتەبا مۆبایل بەکارنەهێنێت، بەڵام لە ڕێگەی کاغەزی بچووک و نێردراوەوە پەیوەندیی دەکات. ئەم نێردراوانە زۆرجار نازانن چی دەکەن و تەنها نامە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازنەوە، بۆیە ئەگەر مۆساد بتوانێت ئەوان بدۆزێتەوە، دەگاتە ئەنجام.
ئەفنێر ئەفراهام، ئەفسەری پێشوی مۆساد، ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەیەکی تر لە بەردەم دۆزینەوەی خامنەیی کوڕ هەیە، ئەویش بەکارهێنانی "هاوشێوە" یان بەدیلەیە، وەک ئەوەی سەدام حوسێن دەیکرد.
موجتەبا لە شوێنی جیاواز دەمێنێتەوە و چەند کەسێک ئەرکی ناردنی خواردنیان بۆی لە ئەستۆیە، بەڵام ئەوانەش نازانن ئایا ئەو خواردنە بۆ موجتەبای ڕاستەقینەیە یان بۆ هاوشێوەکەی.
هەروەک باس لەوە دەکرێت کە تەنانەت ئەگەر موجتەبا دەموچاوی نیشان نەدات، دەتوانێت دەنگی بەکاربهێنێت بۆ پەیام ناردن، بەڵام ئەمەش مەترسیدارە چونکە لە ڕێگەی دەنگەکەیەوە دەکرێت جۆری ئامێری تۆمارکردن و شوێنەکەشی ئاشکرا بکرێت.
بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەمریکاش دەڵێت دڵنیایە کە دوای هێرشەکەی 28ی شوبات، موجتەبا ڕێکارە ئەمنییەکانی زۆر توندتر کردۆتەوە.
