دوای شەش ساڵ ئاوارەکانی سەرێکانی ده‌گەڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆیان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كه‌نداڵ جودی ـ شارپرێس:
دوای شەش ساڵ لەئاوارەکردنی زۆرەملێ کە بەهۆی هێرشی سەربازیی تورکیاو گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لەساڵی 2019دا لەدژی شاری سەرێکانی هاتە ئاراوە، ئێستا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێدەکات، لەقۆناغی یەکەمدا، زیاتر لە 500 بنەماڵە ئامادەن لەچەند ڕۆژی داهاتودا بگەڕێنەوە بۆ گوندو شارەکەی خۆیان.


دوای ئەوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین بەبەرفراوانی دەستیپێکردو چەندین بنەماڵە گەڕانەوە سەرجێ‌و ڕێی خۆیان، ئێستا چاوەکان لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانییە، لەساڵی 2019داو دوای هێرشە سەربازییەکەی تورکیا، دانیشتوانی ناوچەکە لەشارو گوندەکانی خۆیان ئاوارەبون‌و لەناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێبون.

لەو چوارچێوەیەدا، جوان ئیسۆ بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە لەلیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لەلێدوانێکدا بۆ شارپرێس زانیاریی گرنگی سەبارەت بەئامادەکارییەکانی گەڕانەوە، هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و مەرجەکانی پێویست بۆ گەڕانەوەیەکی ئارام بڵاوکردەوە.

جوان ئیسۆ ئاشکرایکرد، "لەچەند ڕۆژی داهاتودا، زیاتر لە 500 بنەماڵەی ئاوارە دەگەڕێنەوە بۆ دەوروبەری سەرێکانی‌و هەندێک بنەماڵەش دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندی شارەکە، گەڕانەوەی ئەم بنەماڵانەش وەک یەکەم هەنگاو لەپرۆسەیەکدا ئەژماردەکرێت کە ئامانج لێی ڕەخساندنی مەرج‌و ژینگەی گونجاوە بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سەرێکانی، ئەوشارەی کە لەساڵی 2019وە ڕوبەڕوی گۆڕینی دیمۆگرافی‌و دۆخی نالەباری ئەمنی بوەتەوە".

لەوەڵامی ئه‌وه‌شدا ئاخۆ ئەم بنەماڵانەی دەگەڕێنەوە تەنها لەپێکهاتەی کوردن؟ جوان ئیسۆ وتی، "لەکاتی داگیرکارییەکەدا تەنها کورد ئاوارە نەبوە، بەڵکو عەرەب‌و پێکهاتەکانی دیكه‌ش لەسەرێکانی کۆچبەربون، لەبەرئەوه‌، ئەو بنەماڵانەی ئێستا ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوە دەکەن، پێکهاتون لەهەردوو پێکهاتەی کوردو عەرەب".

ئیسۆ ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ چەندین لایەن لەهەماهەنگیدایەو وتی، "ئێمە لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پارێزگاری حەسەکەو تیمی سەرۆکایەتیی سوریا کۆبونەوەمان ئەنجامداوە، بەمەبەستی دابینکردنی پشتگیریی‌و هاوکاریی مادیی بۆ ئەو بنەماڵانەی کە دەگەڕێنەوەزێدی خۆیان".

ئه‌وه‌شی وت، "ئامانجی سەرەکی ئەوەیە گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوازێکی ئارام‌و ڕێکوپێک بەڕێوەبچێت، هەروەها هەموو مەرجە پێویستەکان بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت دابینکراون بۆ ئەوەی کۆچبەران لەکاتی گەڕانەوەیاندا ڕوبەڕوی هیچ کێشەیەک نەبنەوە؛ لەئێستاشدا داوا لەحکومەتی سوریا دەکرێت کە بەرپرسیارێتیی خۆی لەم بوارەدا جێبەجێبکات".

پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەنێوان چەندین هەوڵی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیدا چاودێریدەکرێت‌و زۆرێکیش لەبنەماڵەکان هیوادارن دوای ساڵانێک لەدورکەوتنەوە، بتوانن بەسەلامەتی بگەڕێنەوەسەر ماڵ‌و موڵکی خۆیان‌و ژیانیان سەرله‌نوێ بونیادبنێنەوە.

لەکۆتایی قسەکانیدا، بەرپرسی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە لەلیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی ئاشکرایکرد، دوای گەڕانەوەی یەکەم کاروان، ئامادەکارییە پێویستەکان بەردەوامدەبن بۆ ئەوەی هەموو ئاوارەکانی سەرێکانی قۆناغ بەقۆناغ بگەڕێنەوە؛ ئامانجی کۆتاییش ئەوەیە دوای تەواوبونی ئەم پرۆسەیە، سەرجەم که‌مپەکانی ئاوارەکان دابخرێن‌و هەموو خێزانەکان بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان.

بەپەلە