شارپرێس:
حکومەتی تورکیا خۆی بۆ خستنەڕوی پڕۆژەیاسایەکی نوێ بەناوی (تورکیایەکی
بێ تیرۆر) بۆ ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئامادەدەکات کە ئامانج لێی چەکداماڵینی تەواوەتی
پەکەکەیە، هاوکات پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گومانی خۆی لەجدییەتی یاساکە
دەردەبڕێتو چەند مەرجێکی نوێ، لەوانە ناساندنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک دانوستانکاری
سەرەکی، ڕادەگەیەنێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، نوعمان کورتوڵموش
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاندوە، دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی
ئەم "یاسای چوارچێوەییە" بەردەوامن.
کورتوڵموش جەختیکردوەتەوە، یاساکە بەهیچ جۆرێک لێبوردنی گشتیی یان لێبوردن
بۆ کەسانی دیاریکراو لەخۆناگرێتو جێبەجێکردنیشی بەستراوەتەوە بەدڵنیابونەوەی دەزگاکانی
دەوڵەت لەهەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ڕێکخراوەکەو داماڵینی چەکەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەکردوە،
دروستکردنی کەشوهەوایەکی سیاسیی گونجاو لەخودی یاساکە گرنگترە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەتوندڕەوی
بکرێتو جیاوازیی لەنێوان هاوڵاتیاندا نەمێنێت.
لەبەرامبەردا، سەرکردایەتی بزوتنەوەی کوردی (پەکەکە) لەبەیاننامەیەکدا
ڕایگەیاندوە، بەکارهێنانی چەمکی (تیرۆر) بۆ لایەنێک کە ئامادەی پرۆسەی ئاشتییە، ڕێگرە
لەبەردەم سەرکەوتنی یاساکە.
لەبەیاننامەکەدا دهڵێت، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە، لەکۆبونەوەی
لەگەڵ وهفدى دەم پارتی جەختیکردوەتەوە، نابێت یاساکە بەرتەسک بێت".
پەکەکە مەرجی ئەوەی داناوە، دەبێت ئۆجەلان وەک ڕێبەرو دانوستانکاری سەرەکی
پرۆسەکە بناسرێت (هاوشێوەی پێشنیازەکەی پێشوی دەوڵەت باخچەلی بۆ پۆستی هەماهەنگکاری
ئاشتی)و جەختیکردوەتەوە، پرۆسەکە نابێت تەنها لەچەکداماڵیندا کورت بکرێتەوە، بەڵکو
دەبێت ببێتە دەروازەیەک بۆ دەرکردنی یاسای دیموکراتیانەی بەرفراوانتر لەوڵاتەکەدا.
