زەیدی بۆ گرەنتی پێدانی موچە چەند ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژی شەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی و ئابوریی سەرۆكوەزیرانی عێراق، میكانیزمەكانی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و دڵنیابوون لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی لە ماوەی داهاتوودا ئاشكرا كرد.

ساڵح ڕایگەیاندووە، "بەردەوامی شەڕەكە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو، و كاریگەرییە ئەگەرییەكانی لەسەر هەناردەكردنی نەوت، ڕەنگە پاڵ بە حكومەتەوە بنێت بۆ بەردەوامبوون بە پشتبەستن بە چەند ڕێوشوێنكی دارایی، لەوانەش قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی، بەتایبەتی ئەگەر یاسای قەرزكردن كە ئێستا لەبەردەم پەرلەماندایە پەسەند بكرێت، بۆ ڕێكخستنی قەرزی دەرەكی".

ئاماژەی بەوەشكرد، "قۆناغی ئێستا پێویستی بە ڕێكخستنەوەی ئەولەویەتی خەرجییە گشتییەكان و بەكارهێنانی یەدەگی دەرەكی وەك گەرەنتییەك هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی پێدانی موچە و جێبەجێكردنی ئەركە سەرەتاییەكانی دەوڵەت".

ساڵح ڕونیشیكردەوە، "سروشتی قەیرانی ئێستا، نەبوونی سەرچاوە یان مەترسی ئیفلاس نییە، دەوڵەت هێشتا توانای كۆنتڕۆڵكردنی فشارەكانی هەیە، بەمەرجێك كەرەستە دارایی و دراوییەكانی بە شێوەیەكی كارا و ورد بەڕێوەببات".

ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران لە درێژەی قسەكانیدا وتی "قەیرانەكان هەرچەندە توند بن، بە قۆناغێكی كاتی دەمێننەوە، لەكاتێكدا توانای بەڕێوەبردنی كاریگەر و پلاندانان بە شێوەیەكی ستراتیژی وەك فاكتەری یەكلاكەرەوە دەمێنێتەوە بۆ تێپەڕاندنی كاریگەرییەكانیان".

 

بەپەلە