په‌یامێكى به‌په‌له‌ له‌ئه‌مریكاوه‌ بۆ هاوڵاتیانی لەعێراق: خۆتان بۆ جێهێشتنی ناوچەکەو داخرانی ئاسمانیی ئامادەبکەن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان، ئەمریکا لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەی لەبەغداو کونسوڵخانەکەی لەهەولێر، هۆشدارییەکی ئەمنیی کتوپڕو توند ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی دەکات لەناوچەکەو داوایان لێدەکات، بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی دۆخی ئەمنی، خۆیان بۆ ئەگەری داخرانی کتوپڕی ئاسمانی، ڕاگرتنی گەشتەکان‌و جێهێشتنی بەپەلەی ناوچەکە ئامادەبکەن.


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، ژینگەی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی توندبونی گرژییەکانەوە ناجێگیرەو ناتوانرێت پێشبینی ڕەفتارەکانی ئێران‌و گروپە لایەنگرەکانی بکرێت.

واشنتۆن ئاماژەی بەوەکردوە، چەندین هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان ڕاگرتوە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیانی ئەمریکی لەناوچەکە بیر لەجێهێشتن بکەنەوە، یان لانی کەم لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودابن بۆ هەر گۆڕانکارییەک.

هۆشدارییەکەی ئەمریکا تەنها ناوخۆی عێراقی نەگرتوەتەوە، بەڵکو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعومانی پایتەختی ئوردنیش هاوشێوەی ئەم ڕێکارانەی ڕاگەیاندوە، لەبەیاننامەکەدا هاتوە، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان‌و کۆمپانیاکانی ئەمریکا لەدەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەژێر مەترسی هێرشەکاندان‌و تاران بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ ناوچەی نوێی وەک میسریش فراوانکردوە، ئەمەش وادەخوازێت هاوڵاتیانیان لەبەرزترین ئاستی هۆشیاریدابن.

ئەم هۆشدارییە توندو کتوپڕەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی فەرمی نێوان بەغداو واشنتۆن، ئەمریکا بڕیاریداوە قۆناغ بەقۆناغ هێزە سەربازییەکانی لەعێراق بکشێنێتەوە، پرۆسەی کشانەوەکە لەهەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردوە؛ به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، ئەمریکا لەیەکەم هەنگاویدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی "پاتریۆت"ی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کێشاوەتەوەو گواستویەتییەوە بۆ شوێنێکی دیکە (کە پێدەچێت ئوردن بێت).

هەرچەندە بڕیاربوو کشانەوەکە لەسەرخۆبێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئێران‌و گروپە چەکدارەکان بۆسەر پێگەکانی ئەمریکا، واشنتۆن خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکان‌و کەرەستە قورسەکانی خێراترکردوە، چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، کێشانەوەی چەکی قورسی وەک پاتریۆت‌و دەرکردنی ئەم هۆشدارییە ئەمنییە توندە، نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا چیتر ناتوانێت یان نایەوێت پارێزگاری لەئاسایشی ئاسمانی عێراق‌و هەرێم بکات، ئەمەش هاوڵاتیان‌و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدا جێدەهێڵێت.

بەپەلە