نەخۆشخانەی قەڵادزێ لەسەر ڤیدیۆیەکی شارپرێس هاتەدەنگ

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی شارپرێس ڤیدیۆی منداڵێکی نەخۆشی قەڵادزێی بڵاوکردەوە کەبەهۆی نەبونی ئەمبوڵانسەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت،" تەنها چوار شۆفێرمان هەیە کە توانای شۆفێرییان بۆ دەرەوەی شارەکانی قەڵادزێ هەبێت ".

نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی هاوشارییەکی خۆمان بڵاوکراوەتەوە کە کەسێک منداڵە نەخۆشەکەی بەئۆتۆمبێلی خۆی دەبات بۆ سلێمانی، بەداخەوە ئەوە ڕاستەو ئێمە دان بەو ڕاستییە نائاساییە دادەنێین".

ئەوەشیخستەڕوو،" ئێمە لەنەخۆشخانە تەنها چوار شۆفێرمان هەیە کە توانای شۆفێرییان بۆ دەرەوەی شارەکانی قەڵادزێ هەبێت، لەبەرامبەر ئەو هەموو دەرچونەی نەخۆش کە پێویستییان بە پزیشکی تایبەتمەندی مێشک و دەمار و دڵ و بۆڕییەکانی خوێن و سییەکان هەیە، کە بەداخەوە ئێمە نەئامێر و نە پزیشکمان لەم بوارانەدا نییە ".

ڕونیشیکردەوە، لەم چوار شۆفێرەش کە هەیە، یەکێکیان خانەنشینە و لەبەر پێویستی، نوسراوی خانەنشینەکەی ڕاگیراوە بۆ 1ى 7ى 2027.

نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ باسی لەوەشکرد،" دوێنێ لەنەخۆشخانەکە نزیکەی حەوت دەرچون بە ئەمبۆلانس هەبوە، بەرامبەر بە چوار شۆفێر کە ئێمە لەنەخۆشخانە هەمانە، کە شۆفێرمان هەیە بەبەردەوامی ڕۆژی دوو جار دەردەچێت و تەنانەت چەندین جار هەبوە کارمەندی نەخۆشخانە کە زۆریش نایاساییە، بەڵام لەبەر پێویستی و زەروری نەخۆشەکە شۆفێری کردوە ".

نەخۆشخانەکە راشیدەگەیەنێت،" ئێمە سەرەڕای زۆری بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، داوای لێبوردن لە هاوڵاتیانی خۆمان دەکەین، کە دروستبونی ئەم حاڵەتە بەڕاستی جاری یەکەم و کۆتاجار نابێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەدەم داواکانمانەوە نەیەت ".