قەندیل لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە هۆشداری دەداتە توركیا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قەندیل لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشداری دەداتە توركیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەكاتە مەرجی سەرەكی.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەناوی بەڕێوەبەری تەڤگەر بڵاوكراوەتەوە دەڵێت "وەك تەڤگەری ئازادیی جەختمان لەوە كردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی بانگەوازیی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك جێبەجێ بكرێن، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئێمە لە هەموو دەرفەتێكدا ڕامانگەیاند، بۆ ئەمەش دەبێت ستاتۆی ئۆجالان دیار بێت و ئازادییەكەی دابین بكرێت. تاوەكو نەكەوێتە كار و خۆی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەبات، مومكین نییە بڕیارە دراوەكان و پێداویستییەكانی ئەو یاسایەی كە دەردەكرێت، جێبەجێ بكرێن".


دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
 

"گفتوگۆكان لەسەر ئەو یاسا بنەڕەتییەی كە پەیوەندی بە داهاتووی گەلانی توركیاوە هەیە، بە شێوەی جیاواز بەردەوامە و لەناو ڕای گشتیشدا بڵاودەبێتەوە. كاتێك دەڕوانینە ئەو گفتوگۆیانەی لە سەرچاوە كراوەكانەوە بڵاودەبنەوە، لە مژاری مامەڵەی جددیدا لەسەر ئەم یاسایە، دەكەوینە نیگەرانییەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لە دیداری ٢٠ـی تەممووزدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئەو یاسایەی دەردەكرێت پێویستە ڕووكەشی و بەرتەسك نەبێت، نابێت بە شێوەیەك بێت كە خزمەت بە داهاتوو نەكات و بە گوێرەی هەستیارییەكانی هەردوولا ئامادە بكرێت. لەبەرئەوەی چاوەڕوان دەكرێت ئەم یاسایە بۆ كۆتاییهێنان بە دابڕانی سەدساڵەی نێوان گەلی كورد و دەوڵەتی تورك ببێتە هەنگاوێكی گرنگ. هەر بۆیە گرنگە یاساكە تایبەتمەندیی ئەوەی هەبێت كە ئاشتی بكاتە ئامانج.

هاوشێوەی هەموو جیهان، ئاشتی بەر لە هەر شتێك لە زمانەوە دەستپێدەكات. بەكارهێنانی چەمكەكانی 'تیرۆر'، 'ڕێكخستی تیرۆر' بۆ ڕێكخستنێك كە كۆتایی بە هەموو كار و چالاكییەك لەژێر ناوی خۆی هێناوە و كۆتایی بە تێكۆشانی چەكداری دژی توركیا هێناوە لە سەرەتاوە، ئەم پرۆسە پەیوەندیدارە بە داهاتووی گەلانمانەوە، دەخاتە كێشەوە. هەر لە سەرەتاوە هەستیارییەكان لەبەرچاو ناگیرێن. بە كورتی بۆ ئەوەی پرۆسەكە بچێتە پێشەوە، زۆر گرنگە زمان، پێناسە و ناوەڕۆك بە گوێرەی ئامانجەكەی بێت.

بێگومان كاتێك بابەتەكە چارەسەركردنی شەڕ بێت، ئەو هەنگاوانەی لایەنەكان دەینێن دەبێت ماقول و جێبەجێكراو بن. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەكەمان لەم پرسەدا ئاگادارن. ئەگەر پرۆسەكە بۆ سەرقاڵكردن نەبێت بەڵكوو بۆ چارەسەریی بێت، كەواتە دەبێت نزیكایەتیش بەم جۆرە بێت.

وەك تەڤگەری ئازادیی جەختمان لەوە كردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی بانگەوازیی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك جێبەجێ بكرێن، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئێمە لە هەموو دەرفەتێكدا ڕامانگەیاند، بۆ ئەمەش دەبێت ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ دیار بێت و ئازادییەكەی دابین بكرێت. تاوەكو ڕێبەر ئاپۆ نەكەوێتە كار و خۆی ئەم پرۆسەیە بەڕێوە نەبات، مومكین نییە بڕیارە دراوەكان و پێداویستییەكانی ئەو یاسایەی كە دەردەكرێت، جێبەجێ بكرێن.

لە مژاری ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆدا، دەوڵەت باخچەلی گوتبووی، دەبێت ببێتە كۆردیناتۆری ئاشتی و سیاسەت. لەو گفتوگۆیانەی كە لە ئیمراڵی كرابوون قبوڵ كرابوو كە ڕێبەر ئاپۆ ببێتە كۆردیناتۆری ئاشتی و سیاسەت، لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی كە دەردەكرێت، ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ دیاری كرابوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە كراوەكاندا بڵاو كراونەتەوە، ئەگەر ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ لە یاساكەدا ڕەچاو نەكرێت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێكردنیدا. هەر لەبەر ئەم هۆكارەش گرنگە كە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ كە بەردەنگ و دانوستانكاری سەرەكییە، ڕوون و ئاشكرا بێت.

لە لایەكی ترەوە، لەگەڵ ڕۆحی ئەم پرۆسەیەدا ناگونجێت كە پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك تەنها لە ئاستی چەكداناندا نیشان بدرێت. باس كردن لە یاسای بنەڕەتی یان یاسای چوارچێوە، ئەو مانایە دەگەیەنێت كە لە دوای ئەم یاسایە، یاسای دیكەش دەردەكرێن و هەنگاو دەنرێت. هەر لەبەر ئەمە، ئەگەر دەستنیشان بكرێت كە ئەو یاسایەی دەردەكرێت دەبێتە یاسای بنەڕەتی، پاشان پرۆسەكە بە یاساكانی دیموكراتیزەبوون بۆ چارەسەركردنی پرسەكان پێش بخرێت، ئەوا دڵی گەلانی توركیا ئارام دەكاتەوە و متمانە بە پرۆسەكە زیاد دەكات.

وەك ئەوەی كە پێشتر چەندین جار جەختمان لەسەر كردووەتەوە، ئێمە نزیكایەتی بنەڕەتیی خۆمان لە دوای بینینی یاساكە دیاری دەكەین. بێگومان ئەگەر یاساكە ئەرێنی بێت، ئێمە زیاتر هانگاو دەنێین و بەرپرسیارێتیی خۆمان جێبەجێ دەكەین."