گردی عەلی تاهیر؛ ناسنامەی ستراتیژیی، ئامانجەکانی ئیسرائیل‌و پلانی نوێی حزبوڵڵا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر گەمارۆیەکی کوشندەی سوپای ئیسرائیلدا لەسەر گردی ستراتیژیی (عەلی تاهیر)، ژماره‌یه‌ك چەکداری هێزی دەسته‌بژێری ڕەزوان‌و چەند ڕاوێژکارێکی سوپای پاسدارانی ئێران لەناو تۆڕی تونێلە ژێرزەمینییەکاندا بەرەو تەواوبونی تەواوەتیی خەزێنەی خواردن‌و ئاو هەنگاودەنێن، ئەمەش حزبوڵڵای ناچارکردوە ستراتیژیی سەربازیی خۆی بگۆڕێت‌و بۆ پاراستنی ئەوەی ماوەتەوە، سه‌رنجبخاتەسەر وەشاندنی گورزی وردو ڕاوکردنی (ئامانجە بەنرخەکانی) ناو سەرکردایەتیی مەیدانیی ئیسرائیل.


گردی عەلی تاهیر؛ پێگەو ناسنامەی سەربازیی
گردی عەلی تاهیر تەنها بەرزاییەکی جوگرافیی ئاسایی نییە لەباشوری لوبنان، بەڵکو گرێکوێرەیەکی سەربازیی ئێجگار مەترسیدارە، به‌گوێره‌ى سەرچاوە سەربازییەکان، گرنگیی سەرەکیی ئەو گردە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەژێرزەمینەکەیدا دامەزراوەو بنکە سەربازییە هەرە گرنگ‌و نهێنییەکانی حزبوڵڵای لێیە، کە وەک شادەماری هێزو پێداویستییەکانی حزبەکە لەو ناوچەیەدا سەیردەکرێن.

ئامانجەکانی ئیسرائیل لەم گردە
سوپای ئیسرائیل کە خاوەن توانایەکی گەورەی ئاگرین‌و زانیاریی هەواڵگرییە، چاوی بڕیوەتەسەر کۆنترۆڵکردن یان گەیشتن بەو ناوچەیە، ئامانجی سەرەکیی تەلئەبیب لەپێشڕەویکردن بەرەو گردی عەلی تاهیر بریتییە لەئەنجامدانی پرۆسەی پشکنینی وردو دۆزینەوەی نەخشەی ژێر زەویی ناوچەکە، تێکدان‌و لەناوبردنی تەواوەتیی ئەو دامەزراوە سەربازییە مەترسیدارانەی کە لەژێر گردەکەدا حه‌شاردراون، کەمکردنەوەی توانای بەرگریی‌و لۆجستیی حزبوڵڵا لەناوچە سنورییەکاندا.

پلانی نوێی حزبوڵڵا بۆ پاراستنی گردەکە
دوای ئەو زیانە قورسانەی لەشەڕی کۆتاییدا بەپێکهاتەی سەرکردایەتی‌و سەربازیی حزبوڵڵا کەوتن، حزبەکە گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی کە گەڕانەوە بۆ شێوازی هێرشی بەربڵاوو ڕوبەڕوبونەوەی نەریتی چیتر سودی نییە، بۆیە پلانێکی نوێی گرتوەتەبەر کە لەسەر ئەم بنەمایانە کاردەکات:

پێكانی ئامانجه‌ به‌نرخه‌كان: وازهێنان لەهێرشی بەکۆمەڵ‌و تەرکێزکردنی تەواو لەسەر ڕاوکردنی ئەفسەرانی مەیدانی، فەرماندەی یەکەکان، ژورەکانی سەرکردایەتی پێشکەوتوو و ئۆتۆمبێلەکانی سوپای ئیسرائیل.

جیاکردنەوەی ئەرکەکان: جیاکردنەوەی تەواوەتیی پرۆسەی چاودێریکردن لەپرۆسەی هێرشبردن، سەرەتا لەڕێگەی درۆنی زۆر بچوکی کەم تێچوەوە کە دۆزینەوەیان قورسە، چاو لەسەر دەورییەکان دادەنرێت، پاشان زانیارییەکان دەدرێنە شانەیەکی دیكه‌ بۆ وەشاندنی گورزی ورد لەکاتی گونجاودا.

بەرزکردنەوەی تێچوی پێشڕەوی: ناچارکردنی ئیسرائیل بەخاوکردنەوەی پرۆسەکانی‌و تەرخانکردنی تواناکانی بۆ پاراستنی فەرماندەکانی، لەبری پێشڕەویکردن بەرەو دامەزراوەکانی ژێر گردەکە.

ئەم گۆڕانکارییە مێژوییە ئه‌گەرچی سەرەتای شەڕێکی نوێی لاوازکردنی یەکترە، بەڵام مەترسیی ئەوەی هەیە کە ئیسرائیل بەرەو پێڕەوکردنی سیاسەتی (خاکی سوتاو) لەگوندەکانی باشوری لوبناندا ڕابکێشێت.

پێگەی جوگرافیی گردەکە
گردی (یان جەبەل ـ عەلی تاهیر) جێگەیەکی بەرزەو دەکەوێتە نێوان هەردوو شارۆچکەی (کفرتبنیت‌و النبگیه‌ الفوقا) لەقەزای نەبەتییەی باشوری لوبنان، نزیکەی 600 مەتر لەئاستی دەریاوە بەرزە، ئەمەش وایکردوە وەک تاوەرێکی چاودێریی سروشتی بێت کە تەواوی دەوروبەری خۆیی‌و دەشتی کفرڕەمان‌و تەنانەت میحوەری ڕوباری لیتانیش ئاشکرابکات.

ڕاستیی دەنگۆی ئابڵۆقەو کەمیی خواردن
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە میدیاییەکان، سوپای ئیسرائیل ماوەیەکە گەمارۆیەکی توندی خستوەتەسەر گردەکەو چەکدارانی حزبوڵڵا (بەتایبەت هێزی دەسته‌بژێری ڕەزوان) لەناو تۆڕی تونێلە ژێرزەمینییەکانی ئەو ناوچەیەدا گیریانخواردوە، سوپای ئیسرائیل ڕوی زەوییەکەی کۆنترۆڵکردوەو تەواوی ڕێگەکانی گەیاندنی کۆمەک‌و هاوکاریی لێبڕیون، بەجۆرێک کە چەکدارەکان بەتەواوی لەجیهانی دەرەوە دابڕاون.

سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، چەکدارەکان لەناوەوە تەنها پشتیان بەکۆگایەکی دیاریکراوی ئاو، دەرمان‌و خواردنی وشک (وەک خورماو قوتوو) بەستبوو، لەئێستادا بەهۆی درێژخایەنیی ئابڵۆقەکەوە، ئەو خەزێنەی خواردنە بەرەو نەمان دەچێت‌و سوپای ئیسرائیل تەنها دوو بژارەی خستوەتە بەردەمیان، یان خۆبەدەستەوەدان یان مردن لەبرسان.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ژمارەی ئەو چەکدارانەی هێزی دەسته‌بژێری ڕەزوان کە لەناو تۆڕی تونێلە ژێرزەمینییەکانی ژێر گردی عەلی تاهیردا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆدراون، لەنێوان 30 بۆ 40 چەکداردایە، ئەو هێزەش لەناو کۆمەڵگەیەکی سەربازیی چڕی ژێرزەمینیدا گیریانخواردوە کە پێکهاتوە لەژوری سەرکردایەتی‌و کۆگای چەک‌و لەئێستاشدا سەرجەم دەروازەکانی چونەژورەوەو دەرچونیان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بەتەواوی داخراون.

چه‌ند زانیارییه‌كیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌، جگە لەم 30 بۆ 40 چەکدارەی هێزی ڕەزوان، دەنگۆی ئەوەش هەیە کە چەند ئەفسەرو ڕاوێژکارێکی سەربازیی سەر به‌سوپای پاسدارانی ئێران لەناو هەمان تۆڕی تونێلەکاندا لەگەڵیاندابن.

لەڕۆژى 18ی مانگى ڕابردوه‌وه‌ پێکدادانی قورس لەو گردە ڕویدا، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هەوڵیاندا بەرەو پێشەوەبچن، لەڕۆژى 20ى ئه‌و مانگه‌شدا، میدیاکان بڵاویانکردەوە کە دەیان چەکداری حزبوڵڵا لەناو تۆڕی تونێلەکانی ژێر گردەکەدا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆدراون، دواتر سوپای ئیسرائیل لە26ى مانگى ڕابردوو بەفەرمی ڕایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوی ڕوی زەمینی گردی عەلی تاهیری کردوە، بەڵام حزبوڵڵای لوبنانی لەهەمان ڕۆژدا ئەوەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، هێشتا هێزەکانیان لەوێ جێگیرن.