شارپرێس:
دوای هێرشە هاوبەشەکانی
ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەعێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی
نیشتیمانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدیی کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و
رایگەیاند، پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەک بکرێتە سەر
سەروەری عێراق.
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی
کۆبونەوەکە بلاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد،" سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانە
دەکەین کە بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیەوە کرانە سەر خاکی
عێراق و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە".
ئەوەشیخستەڕوو،" حکومەتی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان
لە پەیوەندیدا بووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی سعودیە و ئەمریکا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی
خاکی سعودیە ئاراستەی عێراقیان کردوە، بەڵام ئەم هێرشە لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا
ئەنجامدراوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق
بڕیاریدا پلانێکی ئەمنیی تۆکمە دابنرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر
سەروەری خاکی عێراق، هەروەها رێگری بکرێت لەهەر لایەنێک بیەوێت مەترسی لەسەر
وڵاتانی دراوسێ دروست بکات.
