شارپرێس:
واشنتۆن بیر لە پەرەپێدانی شێوازێكی نوێ دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەوڵەكانی ئێران بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی چالاكی لەدامەزراوە ئەتۆمییەكانی و بنیاتنانەوەی توانا مووشەكییەكانی.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكی دەڵێت، ئەم هەڵسەنگاندنانە دوای كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆشكی سپی هات، كە تیایدا قسە لەسەر ئێران و قۆناغی داهاتووی ململانێكان كرا.
ئەوە لەكاتێكدایە تا ئێستا ئیدارەی ئەمریكا هیچ لێكتێگەیشتنێكی نوێی سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هێرشەكان یان سروشتی ئامانجەكان ڕانەگەیاند.
ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەمریكییە ڕایگەیاندووە كە كۆبوونەوەكە بڕیاری ئۆپەراسیۆن و لیستی ئامانجی هاوبەشی بەرهەم نەهێناوە، بەڵام ڕێگەی بە پێداچوونەوە بە زانیارییە هەواڵگرییە بەردەستەكان سەبارەت بە هەوڵەكانی ئێران داوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هەندێك لەو توانایانەی كە كرابوونە ئامانج و گواستنەوەی كەرەستە و تیمە تەكنیكییەكان بۆ شوێنی جێگرەوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: واشنتۆن قۆناغی دوای هێرشەكان وەك تاقیكردنەوەیەكی هەواڵگریی بەردەوام دەبینێت، چونكە ئێران ڕەنگە كارەكانی خۆی لە شوێنی زۆرتر بڵاو بكاتەوە و چالاكییە دیارەكان لە دامەزراوە ناسراوەكاندا كەم بكاتەوە و كاركردن لە شوێنە بەدیلەكان خێراتر بكات.
