ترەمپ و ناتانیاهۆ سێ بژاردەیان بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێران تاوتوێكرد

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماڵپەڕی ئەكسیۆس ڕۆژی چوارشەممە بڵاویكردەوە لەكۆبوونەوەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلدا سێ بژاردە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران تاوتوێكراون.

بەگوێرەی سەرچاوەكان، ئەو بژاردانە بریتی بوون لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ تاران، درێژەدان بە گەمارۆی دەریایی و زیادكردنی فشارە ئابورییەكان، یان دەستپێكردنەوە و چڕكردنەوەی هێرشە سەربازییەكان.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی ئیسرائیلی كە ماڵپەڕەكە بڵاویكردووەتەوە، ناتانیاهۆ گومانی خۆی لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، بەتایبەتی كە نێردراوەكانی ترەمپ، ستیڤ ویتكۆف و جارێد كوشنەر، بەردەوامن لە دانوستانەكانیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی، لەكاتێكدا ناكۆكییەكان بەردەوامن.

ئەو بەرپرسە  دەڵێت، پرسی ئێران بابەتی گرینگی گفتوگۆكانی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ بوو لە ڕۆژی سێشەممەدا. ناتانیاهۆ چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپ دەكات سەبارەت بە هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ ئێران، بەڵام بۆی ڕون كردۆتەوە كە هەر هێرشێكی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە وەڵامێكی بەهێزی ئیسرائیل بەرەوڕو دەبێتەوە.

هەروەها لە وتووێژەكەدا باس لە زیادبوونی گوشارە ئابورییەكان كرا بۆ سەر ئێران لە ڕێگای سەربازی و ناسەربازی، لەوانەش ئەگەری درێژەدان بە گەمارۆكە بۆ گوشاری زیاتر لەسەر ئابوری ئێران.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناتانیاهۆ ترەمپی ئاگاداركردووەتەوە كە ئێران هەوڵدەدات گەروی هورمز وەكو چەكێك بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەمریكا ناچار بكات سازش بكات.  

ڕاشیگەیاندووە، سەركردایەتی ئێران لەگەڵ دووبەرەكی ڕوبەڕوبووەتەوە لە نێوان ئەو كەسانەی كە ترسیان لە داڕمانی ئابوری هەیە و ئەوانەی پێیان وایە ئەو دەتوانن بەردەوام بن لە شەڕ.