شارپرێس:
كۆڵبەرێكی كوردی خەڵكی مەریوان بە ناوی مادێح كرمانی لە كاتی كۆڵبەریدا لە سنوری باشماخ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوژرا و تەرمەكەی دوای سێ ڕۆژ ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕادەستی بنەماڵەكەی كرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مادێح كرمانی ڕۆژی سێشەممە لە سنوری باشماخی مەریوان كراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی هەنگی سنوری و گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەكان دەڵێن، تەرمەكەی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانەوە دەستی بەسەردا گیرا و بنەماڵەكەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هیچ زانیارییەكیان نەبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزە حكومییەكان لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە داوایان لە بنەماڵەی كرمانی كردووە كە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی كوڕەكەیان سەردانی نەخۆشخانەی بوعەلی بكەن.
مادح كرمانی، خێزاندار، باوكی دوو منداڵ، خەڵكی گوندی خێرئاوا و دانیشتووی شاری مەریوان بووە.