لەبەردەم کاتژمێری سفردا؛ کەرتی وزەی ئێران دەبێتە ئامانجی هێرشێکی بەرفراوان

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

واشنتۆن‌و تەلئەبیب پلانێکی سەربازیی هاوبەش بۆ پەکخستنی ژێرخانی وزەی ئێران دادەڕێژن، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لێدانێکی کەمەرشکێن دەکات، ناوەندە داراییەکانی جیهانیش به‌دڵه‌ڕاوكێوه‌ لەلێکەوتە ئابورییەکانی ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دەڕوانن.


به‌گوێره‌ى چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کەناڵی (CBS News)، ئەمریکاو ئیسرائیل سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی سەربازین بۆ ئەنجامدانی یەکێک لەتوندترین هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆسەر بنکەو دامەزراوەکانی کەرتی وزە لەناوخۆی ئێراندا کە پێشبینیدەکرێت، لەم هەفتەیەدا هێرشەکان دەستپێبکەن.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هه‌ماهه‌نگى تەواو لەنێوان واشنتۆن‌و تەلئەبیبدا هەیە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هێشتا فەرمانی کۆتایی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان دەرنەکردوە.

لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکادا گفتوگۆ هەیە لەسەرئەوەی، هێرشەکان پێش کردنەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان لەڕۆژی دوشەممەدا کۆتاییان بێت، ئەمەش بەهۆی ترسی کشانەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو هێرشانە بۆسەر ئابوریی ئەمریکاو جیهان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ لەمیانی کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لەکامپ دەیڤد ڕایگەیاند، "ئێمە زۆر بەتوندی لێیان دەدەین، لەشوێنێکدا، تائه‌وكاته‌ى ئێران دەڵێت، ئیتر ناتوانین بەرگە بگرین، پێموایە ئێمە تەنها سەرکەوتنمان دەوێت".

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی لەلێدوانێکدا وتی، "وەک چۆن سەرۆک ترەمپ ڕایگەیاندوە، ئه‌مریكا سەردەکەوێت‌و لەژێر چاودێری ئەودا، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی".

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردوە، ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشە پێشبینیکراوە بریتین لەپاڵاوگەکانی نەوت‌و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، تەنانەت باس لەئەگەری بڕینی تەواوەتی کارەبای شاری تاران کراوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەرنەدراوە، بەرپرسێکی پێشوی سەربازی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئامانج لەلێدانی کەرتی وزە، پەکخستنی توانای سەربازیی‌و کارگێڕیی حکومەتی ئێرانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

ئەم پلانە دوای کۆبونەوەی هەفتەی ڕابردوی نێوان ترەمپ‌و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دێت کە تێیدا سێ بژاردەی جیاوازی سەربازیی تاووتوێکرابون، سەرەڕای ئامادەکارییەکانیش، سەرچاوەکان ئاشکرایانکردوە، هەندێک لەڕاوێژکارە سیاسییەکانی کۆشکی سپی، دژایەتی توندی خۆیان بۆ ئەم هێرشە دەربڕیوە، بەڵام شۆن پارنێل وتەبێژی پنتاگۆن وتویه‌تى، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک کە لەلایەن سەرۆکەوە ئاراستەیان بکرێت.